شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کورتیلە چیرۆکە شیعرێ

ھات ڕاوەستا
تەریک لە ژێر
دار نارنجێکدا ڕاوەستا
سەبەتەی پووشی پڕ گوڵیش
لە باوەشدا
تەنھا سەیری ڕۆژھەڵات و
سەعاتەکەی دەستی ئەکرد..
ھەتا شەمەندەفەر گەیشت.
ھەموو پیاوەکان دابەزین
ھەموو ژنەکان دابەزین
ھەموو منداڵان دابەزین
تا شۆفێرەکەیش دابەزی
ئەوەی دیار نەبوو ھەر «ئەو» بوو!
غەمگین.. غەمگین
تەماشای گوڵەکانی کرد.
بۆ ھاتنی نۆرەی دووەم شەمەندەفەر
یەکێکی تر ھات ڕاوەستا
ئەویش بەتەنھا ھەر سەیری ڕۆژھەڵات و
سەعاتەکەی دەستی ئەکرد
ئەوسا ئەم چووە لایەوە
بەبێ دەنگیی سەبەتەکەی دایە دەستی و
ئینجا ڕۆیشت!

1993
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «مێرگی زام مێرگی ھەتاو/زنەی شیعر/کورتیلە چیرۆکە شیعرێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٦/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.