شاعیر: ھێمن (١٩٢١-١٩٨٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
«ناڵەی جودایی» خوێندنەوەی: «سمکۆ پاکزاد»
ناڵەی جودایی
ساقییا! وا بادەوە، وا بادەوە
ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن
مەی حەرامە بۆ سەھەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە
ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نییە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نییە
بۆ کەسێکە مەی: چزیلکی پێوە نێ
بۆچی ملھوڕ لێرە بینی پێوە نێ؟!
بۆ کەسێکە مەی: کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە
بۆ کەسێکە مەی: دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ؟!
ئەو کەسەی بێ کەس نییە و خانە خەراب
دەک بەژاری ماری بێ بادە و شەراب!
ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان،
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان،
ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم،
شانی دانەخزا لەبن باری ستەم،
ئەو کەسەی ھەستی بە زۆرداری نەکرد،
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد،
ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا،
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا،
ئەو کەسەی نەیبینی ھاتی دوژمنی،
نیری یەخسیریی لە ئەستۆ داڕنی،
ئەو کەسەی ھێندە نەبوو زویر و زگار،
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار،
ئەو کەسەی نەیھاڕی بەرداشی زەمان
ئەوکەسەی «زیڕەی نەگەییە ئاسمان»
ئەو کەسەی دووریی عەزیزانی نەدی،
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی،
تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت،
لێی نەگیرا دەوروپشت و چوار تەنیشت،
ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر کەوت
شەو لەبۆ کەیفێ لە ماڵێ دەرکەوت:
بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟!
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ...
***
ئەو کوڕەی ھێشتا لە ژوانێ ڕێی ھەیە،
سەیرە، زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە.
ئەو کەسەی ڕاوی نەنێن لێرە و لەوێ،
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ،
ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ،
بێتە ئێرە، چۆنە ھەی دێی ناکەنێ!؟
ئەو کەسەی «دەستی لە مەمکان گیر ببێ»
ئەو کەسەی «تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ»
ئەو کوڕەی کیژێک بەرەو ڕووی پێکەنێ
ئەو کەسەی ھەر سووکە ئاوڕێکی دەنێ
ئەو کەسەی پەنجۆڵە بکوشێ جاروبار،
ئەو کەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار،
ئەو کەسەی ڕامووسێ کوڵمی تاسولووس،
ئەو کەسەی تێی ھەڵنەدابێ چارەنووس،
ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ،
کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ...
***
ئەو کەسەی ئاسوودەو و خۆش ڕایبوارد،
قەت خەمی یەخسیر و کۆیلانی نەخوارد،
یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بوو بێتەوە،
دەرکی نێوماڵێکی لێ بکرێتەوە،
خەمڕەوێنێک گوێ بداتە ڕازی ئەو
نازەنینێک بێ بکێشێ نازی ئەو،
بگرێ پەنجەی نەرم و نۆڵی ناسکێ،
بۆی کرابێتە سەرینێ، باسکێ،
ھەیبێ ھێز و گورد و تین و تاو و گوڕ،
ڕۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مکوڕ،
ئەو کەسە جێگای لە مەیخانە نییە.
ئەو کەسە بادە و شەرابی بۆ چییە؟!
***
ساقییا، وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ!
ڕوو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەرپەڕێ...
لەنگەرێ بگرە، مەبە وا بەرزەفڕ
بێنە بۆ من، بێنە بۆ من، جامی پڕ
مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانەماڵ
بۆ منی سەرگەشتەو و ڕووت و ڕەجاڵ
بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین
بۆ منی ئاوارەو و دوورە وەتەن
بلبلی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن
پەڕ وەریوی، باڵ شکاوی، دەنگ بڕاو
بێ بژیوی، بەش خوراوی، دەرکراو
پیری زورھانی، کەنفتی، دەربەدەر
دیدە سووری، دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر
داتەپیوی، بێ پەسیوی بێ قەرار
بێ کەسی، دەستە شکاوی، کۆڵەوار
لێو بەباری، دەردەداری، ڕەنجەڕۆ
شاعیری جوانی پەرستی دڵ بەسۆ...
***
ساقییا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟
تۆش لەبەر ئەو ملھوڕانە ملکەچی؟
تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟
چاوی تۆشی ھەڵفریواند زێڕ و زیو؟
تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوھەر ھونەر؟
کەنگێ گەوھەر جوانی کردن بەختەوەر!
زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند
ھەر ھونەر نەمرە، ھونەروەر مەرد و ڕەند
«چڵکی دەستە ماڵی دنیا» وەک دەڵێن
ماڵپەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن
قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵپەرست!
جوانپەرستە پیری خاوەن زەوق و ھەست
***
نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ؟
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!
ئەو ھەوەسبازانە جێی متمانە نین
ھەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین
وا وەرە، دەی وا وەرە، نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵیم:
مست مستم ساقیا، دستم بگیر!
تا نیفتادم ز پا دستم بگیر!
جا کە سەرخۆش بووم بەدەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شێعرە بەرزەی مەولەوی
بشنو از نی چون حکایت می کند
از جدائیھا شکایت میکند
گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بەسۆز
نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با ھەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و ھەشە
با لە زارم بێتەدەر پشکۆی شێعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شێعر
پارچە گۆشتێکە دڵی من، ڕوو نییە
ناڵەناڵی من درەنگە، زوو نییە
دەردی دووری... دەردی دووری کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی
یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو
خەمڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم، ساقی! ئەدی!؟
نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم
ڕوو لەھەر لایە دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێژوان و کەونە لانی خۆم
ڕوو لەھەر لایێ دەکەم بێگانەیە
ژین لە نێو بێگانەدا تەنگانەیە
شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی
***
چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ ھەستی من؟!
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟!
چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە
ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھێشتووە
ھەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵ نشین
بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دوور وڵات
کەوتمە نێو وردە داوی ڕێی نەجات
بەکرە شۆفارە ئەوی مووخەی چنیم
زیی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم
کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک «مەمێ»
«یایە زین» لە کوێیە ھاواری کەمێ!
کوا قەرە تاژدین، چەکۆ و عرفۆ لە کوێن؟!
بێنە ھانام وەک پڵینگی چەنگ بەخوێن
«لاس»ە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بەتیری چڵکنان
وام بەتەنیایی لەنێو خوێنا شەڵاڵ
کوانێ عێل و، کوانێ خانزاد و خەزاڵ؟!
زۆر لەمێژە نارە ناری منی نەبیست
ھەروەکوو «شەمزین»، «شەمیلە»ی خۆش ئەویست
وەک «سیامەند»ێ لە چۆڵ و بەندەنێ
جەرگی لەت کردم پەلی دارەبەنێ
شەتڵی جواناوم منی ساردە برین
کوا «خەج»م تا بۆم بگێڕێ گەرمە شین؟!
مانگی «کانوونێ بەچلوان دەرکرام»
وەک «برایم» لەو وڵاتە ڕاونرام
کوا «پەریخان» بەند و باوم بۆ بڵێ؟!
بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟!
ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم
کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟!
***
کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!
ئەی ئەوانەی قەت لەبیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟
ڕۆژگار ھاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد
ھێز و توانای لێ بڕیوم دەردە کورد
بوومە گەپچاڕ و دەکا گاڵتان بەمن
ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چووبوو لە من
***
ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای ھاوسەنگەری جەرگەی خەبات!
گەر دەناڵێنم، ئەمن پەککەوتە نیم
تێ دەکۆشم بۆ وەصڵ تاکوو دەژیم
کۆششی من زۆر بەجێیە و زۆر ڕەوا
چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا:
هر کسی کو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش
ڕێگە دەبڕم، کوانێ ھەنگاوم شلە
ڕاستە بێ ھێزم، دەکەم ئەمما ملە
ھەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەھەشت
دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم
دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە
دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە
دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند
دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند
دێم بەرەو پاناوک و ھەوراز و نشێو
دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو
دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک
دێم بەرەو شیخاڵ و ڕێچکە و ڕەشبەڵەک
دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم
دێم بەرەو ھەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم
دێم بەرەو ھۆبە و ھەواری باسەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگەی وەفا
دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم
دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم
دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ
دیم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ
دێم گراویی خۆم لە باوەش وەرگرم
دێم نەھێڵم بەرھەڵست و بەرگرم
دێم و ھەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد
دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب
دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی
ھەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی
تا بمێنێ نووری چاو و ھێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم
دێم ھەتا ھەمبێ بڕست و بیر و ھۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش!
1974
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھێمن. «ناڵەی جودایی/ناڵەی جودایی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١١/١٨.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.