شاعیر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفعولُ مفاعلن فعولن 
{literal} {/literal}
جەژنی نەورۆز
بڕوانە خودای بڵند و زانا
چی کردووە لە ھەرد و عاسمانا
بێ مشتە و ڕەندە، بێ گەز و گاز
وەستایەکە ناگەرەکییە ئامراز
یەک گەورە و یەک درێژ و یەک خڕ
واڵا و بەنێو و نیوە و پڕ
دەرکەوتووە گش لە کارگای ئەو
سەرسووڕڕە جیھان لە بارەگای ئەو
سەیریش ئەوە گشتیان لە کارن
ھێندێکی پیادە، ھێند سوارن
ھێندێ بەھەران و ھێندێ وستن
دەستێک پەلەکار و ھێندێ سستن
یەک دێت و یەکێ دەچێت و دەستێ
ھەروا لە گەڕە و ھەشە دەوەستێ
ھێندێکی دەنووسێ و ھێندێ وەستان
یەک سەربڕە، یەک بوێژی بەستان
یەک خەم دەڕەوێنێ، یەک کزوڵکەو
یەک ڕۆژ دەپەرەستێ، یەک چرای شەو
ھێندێکی بەچەشنی زینی نازار
ھێندێ وەکوو مەم دەبن گرفتار
سەرپاکی بە ڕۆشنی و جوانن
ھێند شاھن و ھێند وەزیری وانن
ئەستێرەیی ھێندێ بۆیە ناردوون
ھێنانی بەھاری پێ سپاردوون
ساڵ تازە دەبێتەوە کە ھاتن
سەرما دەکەوێتە سەر ھەڵاتن
گێڕایەوە بۆم پیاوەکی پیر
پیرێکی بەبیر و زیت و دڵ ژیر
گۆیا کە لە ڕۆژگاری پێشین...
جەنگە و ھەڕەتێ کە دەر دەبێ شین
واتا کە دەبوو بە ڕۆژی سەرساڵ
ھەرکەس دەر ئەچوونە دەشت و بەر پاڵ
کیژ و کوڕ و لاو و کۆنەساڵان
باپیر و نەنک لەگەڵ مناڵان
جێژنی ھەرەزل بوو جێژنی نەورۆز
تا پێوە بنووسێ جێژنی نەورۆز
تاکی نەدەمایەوە لەناو ماڵ
دەیدا لە دەر و لە چۆڵگە بای باڵ
نەخوازە کوڕ و کچی گەییشتوو
چی ھێشتە لە یەکدی چێژنەچێشتوو
ڕازاوە لە خشڵ و بەرگی باشا
چاو تێر بوو ھەمووی لەبەر تەماشا
ھەر لاوێ لە بیری خواستنایە
با کیژێ ببینێ چی تییایە؟
ڕۆژێ کە دەچوونە گەشتی دەشتێ
دەشت مشت بوو لە میوەیی بەھەشتێ
ھەر جوان بوو لە یەک دەبوونە کڕیار
سەودا بە دڵ و بە چاوە بڕیار
ھەر تاک بوو لە جووتی چاو دەگێڕا
تاک بۆی دەچوو جووت دەھات لەوێڕا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «وەرگێڕانی مەم و زین/١١». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٧/١٦.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.