شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: تەرکیببەند
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
ئەی دیدە پەری
ئەی دیدەپەری بەو دەمە، بەو کوڵمە گوڵینە
بۆ کەس نییە تاسەر، ئەوەرێ، ئەم گوڵی ژینە
تاسەر نییە ئەم نازە، وەھا دووری مەبینە
ئەو چاوە گەلاوێژە خەڵاتی کە برینە
ئەو زوڵفە کە ئێستاکە دووتوێی عەنبەری چینە
ڕۆژێکی کە دێ، تێکەڵی توێی خاکی زەمینە
ئەو گەردنە بێگەردە کە وەک تەختی بلوورە
ئەو لێوە کە وەک خونچە تەڕ و ناسک و سوورە
ئێستاکە بەبێ ڕەحمی سزای جەور و فتوورە
لای وایە کە ژین فانی نییە و رێگەیی دوورە
نایزانێ کە ھەر پەنجەیێ لەم خاکی زەمینە
کوڵمی دەھەزار لەیل و دەمی سەد مەم و زینە
ئەمرۆ دڵی بێچارە ئەبەی ئەیخەیتە ناو داو
نایزانی سبەینێ ئەکەوی سەرکز و داماو
ئەو جوانییە ئەڕوات و لەچاو گوم ئەبێ وەک ئاو
ئەو ڕۆژە ئەبێ دائیمە ھەر بێنیە بەرچاو
تا ڕەحمێ بکەی ئێستاکە بەم زام و برینە
سەرکز نەبی لەو جێگە بێ سامانی زەمینە
ئەم چەند قسەیەم وتوە بە تۆ ئێستە بەچاکی
گەرچی ئەشیزانم دڵی بەردت نییە باکی
مەڕوانەرە ئەمڕۆ کە بەڕوومەت گوڵی تاکی
بڕوانە سبەینێ، کە لەناو دامەنی خاکی
سەد لەیلی وەک تۆ بووە لەم ڕۆشنی ژینە
ئێستاکە لەناو جەرگەیی تاریکیی زەمینە
1939
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/ئەی دیدە پەری». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.