شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی بڕگەیی
بێ ئارامی

ئاخ و داخ و دەرد، لە دەست تەنیایی
پەشێویی بێ حەد، دەردی بێ دوایی
ئەم سەرسامییە
بێ ئارامییە
دڵ ناکامییە
کەی دێ کۆتایی؟

***
بۆ ھەر کوێ ئەچم پێی خراپترم

ناسرەوێ دڵەی پڕ لە ئاگرم
نە لە ناو گوڵزار
نە لای خزم و یار
نە لە دەشت و شار
ئۆقرە ناگرم

***
لە دەست شار ھەڵدێم، ئەچمە ناو گوڵزار

لەوێش ھەڵناکەم، دێمەوە ناو شار
وەک ئارام نەماو
دڵ و پێ سووتاو
خانەی خەو ڕووخاو
لە دنیا بێزار

***
کە بە تێکەڵ بوون وەھا بێزارم

بۆچ بەتەنیایی پەشێوە کارم؟
بۆ وەک ڕەنجەڕۆم
وەڕەس بووم لە خۆم
بۆ ھەر کوێ ئەڕۆم
دڵ بێ قەرارم؟

1938
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/بێ ئارامی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.