شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: تەرکیببەند
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
تەپڵی بەتاڵ
وەم زانی کە نامووس و حەیا نرخی کوڕانە
ڕاستگۆیی، وڵات پەروەری ئەنجامی ژیانە
نەمزانی براکەم، ھەموو ئەم ناوە زلانە
وەک تەپڵی بەتاڵ، گەرچی زل و گەورەیە دەنگیان
دەسکردی خەیاڵن لە ژیانا نییە ڕەنگیان!
نەمزانی ئەتیکێتی سەدەی تازە ڕیایە!
ئادابی لە لایە ئەوی وەک لۆتی وەھایە
فیزی ئەم و ئەو ھەڵئەپەڕێنێ بە سەنایە
کێ باوی ھەبوو نۆکەرە ئەو، گوێ ئەلەقێنێ
مەیموونە، تەشی ڕێسە، بە دڵ پیا ھەڵئەخوێنێ!
بەم جۆرە ئەڕۆیشت و لەبەر خۆیەوە ئەیووت:
بڕوا کە نەکەیت یا کە نەبێ ئێستە کە دەمکوت
فەرموو ئەوەگەل چۆنی ئەڵێم وایە کوت و مت
گەورەی کە لەبەر پارە تەشی ڕستنە پیشەی
بچکۆلەکەشی نۆکەرییە کاری ھەمیشەی
چەند ساڵە لە ڕێی ئەم گەلەدا، من کە ئەسووتێم
کەس نرخی نەزانیم و ھەتا تێنەگەیی لێم
سا شەرتە کە میللەت ئەمە بێ، بیخەمە ژێر پێم
ھەرچەندە بەسەر زاری ئەبێ گەل مەبەسم بێ
بۆ شوێنە ونی بەرزیی ئەو گورزی دەسم بێ
ئاوا بە ڕق و کینەوە ھەنگاوی ئەنا بۆی
پیلانی ئەکێشا بە خەیاڵ و خەوی بێ شۆی
تا گەییە تەلارێک و کەمێ ھاتەوە سەر خۆی
وەک دوو دڵی یەک قاچی ببەستێتەوە تاوێ
وەستا و لە پاشا چووە ژوورێ بە شەقاوێ
لەو ڕۆژەوە ھەرچی کە ئەزانی و نەئەزانی
لەو کۆشکە ھەڵی ڕشت و فرۆشتی بە نیھانی
کۆتایی بە ژینی لەوە پێشی بەوە ھانی
لەو ساوە قەڵەمبازی ئەدا پایە بە پایە
بۆ ھەڵمەتە کاسەی گەلەکەی بوبووە سایە
ئینجا کە گەیی ئەو بە پلە و پایەیی ئەمڕۆی
کۆبوونەوە لێی پایەپەرستانی وەکوو خۆی
تاکوو بە تەشی ڕستن و بادانی درۆ بۆی
سەودا لە پەنایا بکەن و جێ بفرۆشن
پاڕوو بگلێنن بە شەو و بادە بنۆشن
شەو مێزی شەرابی کە ئەڕازایەوە بۆ کۆڕ
ڕووناکی ئەبەخشی لە شەوا ویسکیی سەر مۆر
جا پێک و سەری گەرم و قسە و بابەتی سەد جۆر
ھەر پەخشی ستایش بوو بە سەر کاکی بەڕێزا
ھەر گوڵ ئەکرا جا بە یەخەی خاوەنی مێزا
تەنیا کە ئەبوو یا خەفەتی کاری ئەکرد تێی
ئەیدی کە قسەی ھاودەمەکەی دێتەوە بەر گوێی
بەم شێوەیە ئەیخوێندەوە ئەو نامەیە بۆ خۆی
فەرمووتە ئەوەی خزمەتی ژێردەستی مەبەست بێ
پێویستە وەکوو ئێوە مەزن بێت و بەدەست بێ
پاکانە ئەکەیت بۆ ھەوەسی نەوسن و برسیت؟!
گوایا کە لەبەر خزمەتی گەل عاشقی کورسیت؟
کورسیت کە ھەبێ دادی گەلی لێوە ئەپرسیت؟
قوربان! بە چ ڕەنگ پێت ئەکرێ خزمەتی کونجێ
تا سوودی لەگەڵ سوودی سەری گەورە نەگونجێ
خۆ گەر بیەوێ ئەو سەرە پیلانێ بتاشێ
یا بۆ گەلەکەت سازی بکا کوورە و ئاشێ
ئەیبینی کە لەم دامەیەدا ئەتکەنە داشێ!
ئەوسا مەزنیت، دەرئەکەوێ خەون و خەیاڵە
ئەو گەورەییەی ئێوە وەکوو تەپڵی بەتاڵە!
ھەرچی وتبوو ھاودەمەکەی گشتی وەھا بوو
پیلان و گەل و ڕۆڵەیی گەل ئاگر و کا بوو
بۆ سوودی کەسانێ، ملی چەند ڕۆڵە شکابوو!
لەم نەقشەیەدا، کاکی مەزن، پیادەیی شا بوو
لافی مەزنی و گەورەیی ئەو ھەر وەکوو با بوو!
***
ئەوسا قسەکەی ھاتەوە گوێ زۆر بە زوڵاڵی
تۆ دەنگی دەھۆڵێکی وە یا تەپڵی بەتاڵی
1983
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/تەپڵی بەتاڵ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.