شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
دڵێکی تێکشکاو
بە سەرسامی لەسەر لووتکەی بڵندی گەنجی وەستاوم
شریتی عومری ڕابردووم وەکوو خەو دێتە بەرچاوم
شریتی چی؟ سەراپا سەرگورشتەی نائومێدیمە
فلیمی پڕ لە ناسۆری ھەرەس ھێنانی لاویمە
تروسکەی تیا بەدی ناکەم، سەرنجم چەندە لێ داوە
لە تاپۆی نامرادیم و تەمی ناسۆری بەولاوە
ئەوی ئەوساکە ڕووناکیی ئەدا بەم ژینە شێواوە
دڵێکی پڕ لە ئاھەنگ بوو، کە ئێستا پاکی ڕووخاوە
***
بەڵێ ئەوسا دڵێکم بوو، کە سەرچاوەی ژیانم بوو
دڵێ: مەڵبەندی ئاوات و تەوژم و تینی گیانم بوو
دڵێ گوڵزاری دڵداری و بەھەشتی خۆشەویستی بوو
وەکوو بتخانە مەیدانی بتی جوانی پەرستی بوو
لەگەڵ ھاوار و گریانی ھەژارانا لە شینا بوو
لەگەڵ ناڵەی کەساسانا لە خورپە و ڕاچەنینا بوو
لەژێر سایەی ئەوینێکا، ھەموو سیحرێکی پۆشی بوو
لە کونجێکی خەراباتا، خەریکی بادەنۆشی بوو
دڵێ بوو دار و دیواری ھەموو مەستی نیگارێ بوو
ھەموو سوچێکی دەسکردی، بەڵێنی تاقە یارێ بوو
دڵێ، خونچەی تەمای وابوو، لە خۆشی ئەو دەمی وا کا
کە تیشکی ئەو لە لێوی دا، گوڵاوپڕژێنی دنیا کا
دڵێ، ئامادە بوو، تاری، ھەزار ئاوازی لێ ھەستێ
بە مەرجێ گوڵبەدەم جارێ بەمەستی لێی بدا، دەستێ
تەلاری دڵ، کە دیواری وەھا مەستی ئەوینی بوو
لە باوەش گرتنی باڵای، ھەموو ئاواتی ژینی بوو
گوڵ و گوڵزاری دڵ وا بوو خەیاڵی ڕۆژ و ھی شەویان
«کە وا پرشنگی دوو چاوت، بڕێژێ چاوی بێ خەویان»
وەنەوشە و نێرگز و شەوبۆ، ھەموو سەرخۆشی تاسەی بوون
لەتەک سروەی بەیانیدا تەماداری ھەناسەی بوون
ھەموو پێکێکی مەینۆشی، بەیادی ئەو، کە پڕ مەی بوو
لە مەیخانەی دڵا کەیلی بزەی ئەو جووتە لێوەی بوو
ھەموو پاڕانەوەی وابوو، بە شێوان و سبەینانێ
کە ڕۆژێ لێوی پڕ تاسەی لەسەر دوو لێوی ئەو دانێ
***
کەچی ئەو کۆشکی چەند ساڵەی، دڵم بنچینەکەی دانا
بە تەنیا گەردەلولێکی «نەھاتی»، چوو بە ئاسمانا
ھەموو ئەو نیاز و ئاواتەی لە ناو ناخی دەروونا بوو
لە داخی بێ بەڵێنیی ئەو بە جارێ تەفر و توونا بوو
بەڵێ، کاتێ بە خۆم زانی، بەھاری پڕ ئەوین ڕۆیی
خەو و ئاواتی چەند ساڵە و بەڵێنی پێ گەیین ڕۆیی
گەلێکم پشکنی دنیا لە دووی ئەو جووتە لێوەی ئەو
ھەزار ئەفسووس! نە ئەو ڕۆژەم بەدی کرد و نە شێوەی ئەو
نە پڕشنگی لە خونچەی دا، نە پەنجەی دا لە تاری دڵ
نە بەژنی شۆخ و شەنگی بوو بە میوانی تەلاری دڵ
نە چاوانی گوڵی ڕشت و نە کلچێوکێکی پیا ھێنا
نە پرچی نێرگزی مەست و، وەنەوشەی شینی داھێنا
نە پێکی نایە سەر لێو و نە بیستم ڕازی شیرینی
نە ماڵئاوایی لێ کردم نە ئیتر شێوەییم بینی
***
بەڵێ ئەو خونچەیەی چەند ھەنگ پەشۆکابوون لەژێر پێیدا
خەوی ڕۆژ و شەوی وا بوو گزنگی چاوی تۆ لێی دا
کە چاوی تۆی نەدی شێوا، لە داخا کوڵمی خوا کردی
گەڵاکانی وەکوو عومری منی بێچارە با بردی
تەلی دڵ، چەندە سەیری کرد، کە پەنجەی تۆی نەدی چاوی
دەروونی بوو بە گۆڕیچەی ھەموو ئاوازی تاساوی
تەلاری دڵ کە ڕۆشن بوو بەوەی تۆ بی بە میوانی
ھەواری چۆڵ و ھۆڵی بوو بە گۆڕی گردی سەیوانی
گوڵی باخی دڵم، چاوی، بەدووی تۆدا ئەوەند گێڕا
ھەتاکوو چاوەکەی خۆشی، لە دەوری چاوی تۆ گێڕا
وەنەوشە و دەستەخوشکانی، لە بێ مەیلیی ھەناسەی تۆ
ھەناسەی دەرنەچوو دەمیان و تاساشن، لە تاسەی تۆ
وە یا ئەو پێکە ڕەنگینەی کە ھەر نەیبیست لە تۆ دەنگێ
لە داخا بادەکەی ڕشت و، سەری خۆی دایە بەر سەنگێ
لە پاشا، گەرد و تۆزقاڵێ، کە وەک کەرتی دڵی من بوو
یەکیی ڕووی کردە سووچێک و لە تاریکیی شەوا ون بوو
***
بەڵێ، ئێستا ئەوەی جێ ماوە بۆ من، یادگارێکە
بەسەرھاتی دڵی ورد و بەسەرچوونی بەھارێکە
1983
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/دڵێکی تێکشکاو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.