شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
شۆڕشی نائومێدی
بناغە و چینی دیواری
تەلاری بەرزی دڵداری
بە سەر لانەی دڵا ڕووخا، تەپوتۆزی خەمی ھێنا
بەدووی باڵداری ئاواتی، فڕیوی بێ سەر و شوێنا
دەسا ئەی پاییزی ماتەم، ئەوەندەم تاسە پێ ماوە
ھەموو ئەو یادگارەی لەو ژیانی عەشقە جێ ماوە
بەجارێ وەک گەڵا سروەی خەزانت گشتی ڕاماڵێ
بەوردی ھەر گەڵایێکی، ببا بۆ قوژبن و چاڵێ
***
دەبا باڕەش لە دواییدا
لە بیابانی..لماویدا
تەپوتۆزێکی وا بێنێ، ھەوا یەکجاری بخرۆشێ
سەری ئەو قوژبن و چاڵە، وەکوو گۆڕیچکە داپۆشێ
لەپاشانا بە بای وەشتا، لەسەردا ھەوری ڕەش بێنێ
بە گۆڕی یادگارا، با بەخوڕ تاوێ ببارێنێ
دە با بمرێ بەیەکجاری لە گۆڕی تەنگ و تەنیادا
نیشانە و ناوی ھەڵگیرێ لەناو بازاڕی دنیادا
***
بەڵێ با گەردەلوولێ بێ
ئەوی بۆنێکی تۆی لێ بێ
وەکوو ئەو پووشە ڕاپێچی بکا بۆ گۆڕی تەنیایی
بە گوێیا با بچرپێنێ نقامی عومری کۆتایی
پەپوو ھاوڕازی وێرانە و نیشانەی مەرگی ڕووناکی
بە دەنگی شوومی با شیوەن بکا بۆ گیانی ناپاکی
لەسەر ئەو دەنگ و ئاوازە، دە با شەیتانی ڕاڕایی
سەمای پڕ تەوسی بێ شەرمی بکا بۆ عەشقی کۆتایی
***
دەبا دەستی ستەمکاری
ژیانی پڕ لە زۆرداری
لە یادا بیسڕێ شێوەت لە یادی ژین و گەردوونا
بەبێ ڕەحمانە غەرقی کا، لە بەحری قووڵی ونبوونا
ونی کا با لە بەر چاوم، نیگای چاوانی فێڵاویت
گوڵی بێ بۆنی جوانیت و بزەی سەر لێوی ژەھراویت
بە تاپۆی یادگاری تێکشکاوی بێ سەر و پێوە
بە دڵداری عومری کورت و شەوانی جوانەمەرگێوە
1944
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/شۆڕشی نائومێدی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.