نووسەر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
پێشەکیی چاپی دووەم
    لەو ڕۆژەوە «ڕازی تەنیایی» بۆ یەکەم جار، لە ساڵی ١٩٥٧دا چاپ کراوە، ھەندێک لە شیعرەکانی بوونەتە مایەی گفتوگۆ و لێدوان و لەسەر نووسینی ھەندێ برادەری نووسەر، کە داخەکەم ھەر یەکەیان لە خۆیەوە کات و مەبەستی بۆ شیعرەکانم داناوە، یان بە ئارزووی خۆی لێکی داونەتەوە.

    لەناو ئەمانەدا دوانیان، یان بڵێین نووسینی دوانیان، بایەخێکی تایبەتیان ھەیە: یەکەمیان ھاوڕێی بەڕێزم «د. عیززەدین مستەفا»یە کە لە کتێبی «الواقعیة في الادب الكردي»دا کە دکتۆرانامەی مامۆستای ناوبراوە، لە چەند شوێنێکدا باسی شیعرەکانم ئەکات.

    دووەمیان: وتارێکە کە «کاکەی فەلاح» لە ڕۆژی ١/٨/١٩٧٧ دا لە باخچەی یەکێتیی نووسەرانی سلێمانی، دەربارەی من دابووی و لە دواییدا (ساڵی ١٩٧٨) ئەو وتارەی لەگەڵ چەند وتار و نووسینێکی تردا بە ناوی «کاروانی شیعری نوێی کوردی»یەوە لە چاپ دا و بڵاو کردەوە.

    ھەرچی نووسینەکەی کاکەی فەلاحە، باسێکی تا ڕادەیەک دوور و درێژە. لەپاڵ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا، چەند ھێرشێکی ناڕەوا و گەلێ قسەی ڕەق و ناشایستەی تێدایە، وەک ویستبێتی ناوی من لەکەدار کات، لە کاتێکدا کە من نەک ھەر لەم وڵاتە نەبووم، بەڵکوو ھەواڵی مردنیشم لەم دەمەوە ئەڕۆیشت بۆ ئەو دەم.

    ئەوەی ڕاستی بێت کاتێک کە ویستم ڕازی تەنیایی بۆ جاری دووەم چاپ بکەمەوە، لە پێشدا بڕیارم وا بوو کە وەڵامێکی دوور و درێژی ھەردوو نووسینەکەی د. عیززەدین و کاکەی فەلاح بدەمەوە، لەم ڕووەوە، زۆرتریش قسەی برادەرێک کاری تێ کردم کە وتی: «ئەگەر سبەینێ خۆت مردیت، کێ لەدوای خۆت ئەتوانێت لە جیاتی تۆ وەڵام بداتەوە؟ تەنانەت ئەگەر کەسێکی واش ھەبێت، کێ بڕوای پێ ئەکات؟ یان خوانەخواستە، دوای مردنی ئەوان ئایا وەڵام دانەوەی تۆ نابێتە ھۆی ئەوەی خەڵکی بڵێن: ھەتا نەمردن نەیوێرا وەڵامیان بداتەوە! چونکە ئەوەندە بەڵگەیان بەدەستەوە بوو، کە لە ژیانی خۆیاندا، نەوێرێت سەرپێچییان لەگەڵدا بکات!»، ئەڵێم لە ڕاستیدا ئەم قسەیە کاری تێ کردم و دەستم دایە قەڵەم و وەڵامێکی دوور و درێژم نووسی بەو ھیوایەی بیکەم بە پێشەکیی ئەم چاپی دووھەمە، بەڵام پاش ماندوو بوون و نووسینێکی زۆر، بۆم دەرکەوت: کە نووسینێکی وا دوور و درێژ، نەک ھەر لێرەدا جێ نابێتەوە بەڵکوو پێویستی بە نامیلکەیەکی سەربەخۆی سەرومڕە. ئەگەرچی تەنانەت لەوێشدا ڕەنگە ھەر دەرفەتی ئەوەم نەبێت کە: سەر تا خواری قسەکانی کاکەی فەلاح شی بکەمەوە. جا لەبەر ئەوە بڕیارمدا ئەو وەڵامە لە نامیلکەیەکی تایبەتیدا بنووسم و لە دەرفەتێکدا چاپی بکەم.

    بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە دەست نیشانی بکەم، چەند خاڵیکی سەرەکییە کە: بە شێوەیەکی گشتی، ھەندێک لە شیعرەکانم و چەند سووچێکی ژیانی خۆم، تا ڕادەیەک، ڕووناک ئەکاتەوە و لە ھەمان کاتدا وەڵامێکی سەرەتاییە بۆ قسە ناڕەواکانی کاکەی فەلاح، کە هەر لە سەرەتاوە وای پیشان ئەدات، من لە شاعیری کەوتووم و قسەکەش ئەداتە پاڵ خۆم. لە پاشاندا، ئەم بۆچوونەی خۆی، بە چەند شێوەیەک دووبارە ئەکاتەوە.

    بۆ نموونە کە دێتە سەر ئەم سێ بەیتە:

    بەڵێ ئەوسا دڵێکم بوو کە سەرچاوەی ژیانم بوو
    دڵێ مەڵبەندی ئاوات و تەوژم و تینی گیانم بوو
    دڵێ گوڵزاری دڵداری و بەھەشتی خۆشەویستی بوو
    وەکوو بتخانە مەیدانی بتی جوانی پەرەستی بوو
    لەگەڵ ھاوار و گریانی ھەژارانا لە شینا بوو
    لەگەڵ ناڵەی کەساساندا لە خورپە و ڕاچەنینا بوو

    ئەڵێم کە دێتە سەر ئەم سێ بەیتە کە بەشی دواییی شیعری «دڵێکی تێکشکاو»ە و لە کاتی خۆیدا نەمتوانیوە تەواوی بکەم، کاکەی فەلاح ئەڵێت: لێرەدا لەپڕ وەستاوە شیعرەکەی بەبێ ئەنجام و ناکامڵ بە جێھێشت و نەیویست، یا ڕاستتر نەیتوانی بگاتە کۆتایییەکی سەرکەوتووانە و تەواو. وا دیارە ھەر تەنیا کاکەی فەلاح بڕوای وا نەبووە، بەڵکوو ھەندێک برادەری تریش لەو بڕوایەدا بوون کە من ناتوانم ئەو شیعرە بە ھەمان سۆز و گەرم و گوڕییەوە تەواو بکەم، لەمانە مامۆستا «عومەر عارف» کە ھاوڕێیەکی دێرینمە، لە ھەموویان زۆرتر ئەم قسەیەی کردووە و نەک ھەر ئەوەش، بەڵکوو گرەوێکیشی لەسەر کرد و بەڵێنی دا کە سەیرانێکی گەورە بۆ دەستەیەکی زۆر لەو برادەرانە ساز بکات، بەو مەرجەی من ئەو شیعرە تەواو بکەم. بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی ھەیە لەنێوان قسەی کاک «عومەر عارف» و قسەی کاکەی فەلاحدا، ئەویش ئەوەیە کە ھەرچی کاک عومەر و ھاوڕێکانین، بڕوایان وا بوو کە شیعرێک لە ١٩٤٦ دا وترابێت، لە ١٩٨٣دا تەواو ناکرێت، بەڵام من بە تەواو کردنی شیعرەکە توانیم بیسەلمێنم کە ئەم باری سەرنجە ڕاست نییە. بێینەوە سەر بیروڕای کاکەی فەلاح و وتمان بڕوای مامۆستا فەلاح لەگەڵ بڕوای کاک عومەردا زۆر جیاوازە، چونکە ئەگەر ئەم لەبەر چەند ھۆیەک تەواوکردنی ئەو شیعرەی بە گران زانیبێت، کاکەی فەلاح نەک ھەر ئەو شیعرە، بەڵکوو بڕوای وایە کە گوایە جارێکیتر ناتوانم ھیچ شیعرێکی وا بەسۆز بڵێم، ئەوەتا ئەڵێت: «... لەبەر ئەوەش کە بە تاقی کردنەوەی بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت شیعرێکی ھاوبیر و ھاوسۆز و بەھرەدارانەی وەک ئەوانەی پێشوو بڵێت، مەسڵەحەت وایە بێدەنگ بێت... ھۆیەکان و زامەکانیش زۆرتر لەوە قووڵتر و بەسوێترن کە وشکە گلەیی و تاسەی سەر پێیی ئەم و ئەو کار لە شاعیر بکات و بجووڵێت».

    وەک ئەیبینین کاکەی فەلاح زۆر بە دڵنیایییەوە وای پیشان ئەدات کە من جارێکی تر ناتوانم شیعرێکی وەک ھی جاران بڵێم، جگە لەمانە گەلێ قسەی تریش ئەکات کە لێرەدا جێی باس کردنیان نییە.

    وەک لە نووسینەکەی کاکەی فەلاح و ئەوانی تردا دەرئەکەوێت، ئەو نووسەرانەی باسی ئەو قۆناخانەی ئەکەن کە شیعری منی پێدا تێپەڕیوە دوو خاڵ ھەیە نایزانن:

    یەکەم: ئەوە نازانن کە لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیمەوە، جگە لە سەردەمێکی کورت، قوتابخانەی «ڕۆمانسی» کاری تێ کردووم، پێش ئەوەی ھیچ ئەدەبێکی «ڕیالیزمی» ببینم، ھەروەھا ئەوە نازانن کاتێک کە چوومە مەیدانی سیاسەتەوە، من لە قۆناخی خۆشەویستیی دووەمیش تێپەڕیبووم، ئەگەرچی کارتێکردن و شوێنەواری تا چەند ساڵێکی تریش ھەر مابوو بە پێچەوانەی ئەوەوە کە کاکەی فەلاح ئەڵێت: «شاعیر لە دنیایەکی ڕیالیزمی سەرقاڵی کاروباری بیر و باوەڕی سیاسی و... جموجۆڵی ڕۆژانەوە ڕووی کردە مەڵبەندی سۆزی ڕۆمانسییانە و بەزمی دڵداری.»

    واتە بە پێچەوانەوە من لە دنیایەکی پڕ جۆش و خرۆشی دڵداری و سۆزی ڕۆمانسییەوە ڕووم کردووتەوە مەیدانی سیاسەت، بۆیە ئەبینیت لە سەرەتادا شیعری پڕ سۆزی ڕۆمانسی و لە دواییدا شان بە شانی ئەو، بابەتی ڕیالیزمی لە شیعرەکانمدا دیارن، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە قوتابخانەی ڕۆمانسی خۆی لە خۆیدا (دوو ڕێڕەوی جیاوازی تێدایە کە ئەتوانین ڕێڕەوێکیان ناو بنێین ڕيڕەوێکی ڕۆمانسی ڕووت یان سەلبی و ڕێڕەوێکی ئیجابی. کە ئەمی دووەمیان، پاڵ بە مرۆڤەوە ئەنێت ویستی خۆی لە ژیاندا بسەپێنێ و گیانی بەربەرەکانێی تێدا درووست ئەکات دژی نالەباریی ژیان و ئەو کۆتانەی بە زۆر ئەکرێنە پێی.

    من لە سەرەتادا ڕێڕەوی یەکەم و لە پاشتردا ھەردوو ڕێڕەوەکە لە شیعرەکانمدا دیارن وەک لەپێشدا وتم و تا ماوەیەکی زۆر ھەر دوو ڕێڕەوەکە شان بە شانی یەکتر ڕۆیشتوون، ئەمەش شتێکی سەیر نییە کە ڕێڕەوێکی ئەدەبی ئەوەندە کار بکاتە سەر دڵ و دەروونی مرۆڤێکی شاعیر یا ھونەرمەند و شان بە شانی ڕێڕەوێکیتر، تا ماوەیەکی زۆر لە ژیانیدا بڕۆن بە ڕێوە، چونکە ژیانی دەروونی و ھەست و سۆز و ناخ و ھۆشی مرۆڤ، ئەوەندە سادە نییە، یان ژوورێکی سادەی دوو دەرگا نییە، لەم سەرەوە تەوژمی تێ بکەیت، لەو سەری بچێتە دەرەوە! بەڵکوو ھەر شەپۆلێک، یان تەوژمێکی بیروڕا، یان تەوژمێکی سۆز و خۆشەویستی و ھونەر، کە چووە دەروون و ناخی ھەستەوە، ڕەگی داکوتا، ھەروا بە ئاسانی، شوێن بۆ تەوژمێکی نوێ بە جێ ناھێڵێ، بەڵکوو لە تەکیدا ئەکەوێتە زۆرانبازی، بگرە لەوانەیە تا ماوەیەکی زۆر ھەردووکیان شوێنەواریان لە دڵ و دەرووندا دیار بێت، تا لە دواییدا، یەکێکیان سەر ئەکەوێت.

    گومانی تێدا نییە، منیش وازم لە شیعر نەھێنایە، یەکێک لەو ڕێڕەوانە (یان ئەو تەوژمانە) بەسەر شیعرەکانمدا زاڵ ئەبوو و من لام وایە ڕێڕەوی دووەم واتە: ڕێڕەوێکی «ئیجابی» شۆڕشگێڕانەم ئەگرت، چوونکە بەڕاستی لە ساڵی ١٩٥٧دا خۆم ھاتبوومە سەر ئەو بیرە و بۆ ئەوەی خوێنەرانی «ڕازی تەنیایی» ئەو تەم و مژی نائۆمێدی و ئاوازە گریاناوییەی شیعرەکان کاریان تێ نەکەن، ئەوە بوو لە سەرەتای چاپی یەکەمدا وتبووم: حەز ناکەم بە من بێت، گوێی ھیچ گەنجێکی کورد بەو چەشنە ئاوازانە بئاخنرێ کە سەر تا پا بۆ ئافرەت و دڵداری ئەلاوێنێتەوە. بەڵام داخەکەم زۆربەی ئەو نووسەرانە، یان لەم قسانە تێ نەگەیشتوون، یان زۆر چاک تێی گەیشتوون و خۆیانی لێ ھەڵە ئەکەن لەناو ھەموو ئەو کەسانەدا کە لە «ڕازی تەنیایی» دواون، تەنیا لاوێکم دیوە کە تا ڕادەیەکی زۆر لەو چەند دێڕە تێگەییشتبێت، ئەویش شاعیری لاو کاک ئەنوەر قادرە. بە ھەر حاڵ با بێینەوە سەر خاڵی دووەم.

    دووەم: ئەو نووسەر و ڕخنەگرانە، ھەتا ئێستا نازانن شیعرەکانی من ھەر یەکیان کەی و بۆچی وتراون و کامیان پێش کامیان کەوتوون لەبەر ئەوە زۆر جار لە گۆترە شیعرێک کە لە سەرەتای ژیانی ھەرزەکاریمدا وتراوە، ئەوان بە ھی سەردەمێکی تری دائەنێن و کامیان پێش کامیان کەوتوون لەبەر ئەوە زۆر جار لە گۆترە شیعرێک کە سەرەتای ژیانی ھەرزەکاریمدا وتراوە، ئەوان بە ھی سەردەمێکیتری دائەنێن و بە ئارەزووی خۆیان مەبەستیشی بۆ دائەنێن. داخەکەم لێرەدا بواری ئەوەم نییە لە یەک بە یەکی شیعرەکانم بدوێم، لەبەر ئەوە ھەڵی ئەگرم بۆ نامیلکەیەکی تایبەتی، بەڵام بە ھەلی ئەزانم کە لە بەشی دووەمی ئەم پێشەکییەدا ئەشێ بە پێی پێویست باسی ھەندێکیان بکەم و مێژووی ھەریەکیان ناونووس بکەم.

    پێش ئەوەی باسی ئەم چاپە تازەیە بکەین، با باسێکی چاپی یەکەم بکەین، کە لە ساڵی ١٩٥٧دا چاپ کراوە. لە کاتی خۆیدا و لە چەند ماوەیەکی دوور لە یەکتردا، زۆربەی شیعرەکانی «ڕازی تەنیایی»م بۆ ھاوڕێی خۆشەویست کاک مەحمود تۆفێق بە خەتی خۆم نووسیبوو، لەسەر داخوازی خۆی.

    لە دەور و بەری ١٩٥٧دا ڕۆژێک کاک مەحمود تۆفێقم تووش بوو لە یەکێک لە شەقامەکانی سلێمانیدا مامۆستا مەعرووف خەزنەداری لەگەڵدا بوو، کە ئەویش یەکێکە لەو ھاوڕێ بەڕێزانەی لە کۆنەوە ئەمناسین، وابزانم «جەماڵ خەزنەدار»یشیان لەگەڵدا بوو، پاش وەستان و چاکی و چۆنی، کاک مەعرووف کە ئەوسا ھێشتا دۆکتۆرای وەرنەگرتبوو، ڕووی تێ کردم و وتی: «ئێمە بڕیارمان داوە شیعرەکانت چاپ بکەین».

    ھەرچەندە لە سەرەتاوە من ڕازی نەبووم و وتم من شێعرم نییە و ناتاندەمێ، بەڵام کە ئەوان دەستنووسەکەی خۆمیان پیشاندام کە بۆ کاک مەحموودم نووسیبوو، ناچار بووم بڵێم باشە بەڵام پێم وتن زۆری ئەم شیعرانە ناتەواون و چاپ کردنیان شتێکی ڕاست نییە، کە چی کاک مەعروف بڕوای وابوو کە تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکیان ناتەواون، ھەر تینوویەتی خەڵک ئەشکێنن، چونکە تا ڕادەیەک مەبەستیان داوە بە دەستەوە. لام وا بێ زۆرتر مەبەستی ئەوە بوو ناچارم بکات تەواویان بکەم، بە ھەرحاڵ لە ساڵی ١٩٥٧دا، چاپ کرا و لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ شیعری ترم ھەبوو کە لەو چاپەدا نەنووسراوە، وەک:

    ١. شیعری «فەلسەفەی دڵداری»: کە یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی «شیللی» و من لە کاتی خۆیدا لە گۆڤاری «المجلة»ی «عبدالحق فاضل»ەوە وەرمگێڕابووە سەر کوردی و لە ساڵی ١٩٣٧ دا لە ١٤ی ئەیلول لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاو کراوەتەوە، ھەروەھا لە پاشا لە ژمارە ٣-٤ی گۆڤاری گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ دا بڵاو کاوەتەوە، بەڵام ناوەکەی گۆڕاوە بە «فەلسەفەی دڵداران».

    ٢. شیعری «بێ ئارامی»: ئەمیش ھەرچەند شیعرێکی کەمە بەڵام وێنەی بێ ئارامییەکی دەوری ھەرزەکاری ئەکێشێ کە لەنێوان «١٩٣٨-١٩٣٩» دا نووسراوە ھاوڕێیەکی وەک کاک عومەر عارف نەبێت کەسی تر لە منی نەبیستووە.

    1. شیعری «پەیامی یار»، یان «لە یارەوە»: ئەم شیعرەش ھەر لە چاپی یەکەمدا نیە. چونکە دوای چاپی یەکەم وتراوە.

    لە بیرم دێ لە کاتی خۆیدا، واتە لە حوزەیرانی ١٩٥٨دا ھاوڕێی ھونەرمەند «قادر دیلان» داوای لێ کردم کە شیعرێکی بۆ دابنێم بۆ ئاواز گۆرانی بشێت، منیش ئەمەم بۆ داناوە کە بۆ یەکەم جار لە ھۆڵی کتێبخانەی گشتی، «عومەر ڕەزا» بە ئاوازەکەی «قادر دیلان»ەوە و وتی، بە بۆنەی چێرۆکێکی شانۆگەرییەوە کە ھاوڕێی بەڕێزم کاک مستەفا ساڵح کەریم داینابوو. ٣. شیعرێکی عەرەبیم ھەیە بە ناو نێشانی «صلوات المحب» و لام وا بێ ئەمە دووەم جارە شیعر بە عەرەبی بڵێم، یەکەمیان ھێشتا قوتابی بووم لە «مامۆستایان»، لە ئەنجامی گرەوێکدا نووسیم، داخەکەم ئێستا ھەر چوار دێڕی یەکەمم لە بیر ماوە.

    بە ھەر حاڵ، بێینە سەر باسی «صلوات المحب»، لەو ساڵەدا -کە لام وا بێ ١٩٥١ بوو- گۆڤارێکی ئێستگەی ڕادیۆی لوبنانیم دەست کەوت، وا بزانم «ھنا بیروت»ی ناو بوو.

    زۆرتر لەبەر ئەوە کڕیم شیعرێکی عەرەبیی تێدا بوو کە ئێستا لە بیرم نەماوە ڕەنگە «قطرات ثلاث»ی ئەحمەد سافی بێ. ھەروا چاوم بە گۆڤارەکەدا ئەگێڕا، «گرەوێکی شیعری» تێدا بوو بۆ شاعیران، کە ھەر کەسێک بتوانێت شیعرێکی دڵداری بنێرێت بۆ ڕادیۆی بێروت و لیژنەی تایبەتی ئێستگە پەسەندی بکات، خەڵات ئەکرێت و سێ خەڵاتی بۆ دانرابوو و یەکێک لە مەرجەکانی ئەوە بوو ١٠ شیعر لەوانەی، لیژنەکە پەسەندی ئەکات ئاوازی بۆ دابنرێت و ببێتە ماڵی ئێستگە و مەرجێکی تریشی ئەوە بوو کە شیعرەکە لە دوانزە بەیت پتر نەبێت، ئەوە بووە ھۆی ئەوەی ئەو شیعرە دابنێم. بەڵام کە گەڕامەوە، بۆ گۆڤارەکە تاکوو ناونیشانی تەواوی ئێستگەکە بزانم ئەم مەرجەی ترم دی کە نووسرابوو: «تەنھا شاعیرانی لوبنان ئەتوانن لەم گرەوە شیعرییەدا بەشدار بن»، لەبەر ئەوە نەمنارد، ھەرچەندە لە دواییشدا بیرم گۆڕی بەڵام تازە کاتی خۆی تێپەڕیبوو.

    ئینجا با بێینە سەر باسی ئەو سێ شیعرەی کە لە چاپی یەکەمدا بە ناتەواوی مابوونەوە و لە ساڵی ١٩٨٣ دا تەواو کران.

    ئەم سێ شیعرە ھەرچەند چەند قسەیەکیان لێ کراوە و قسەکان ھیچیان مەبەستیان نەپێکاوە، واتە ئەوانەی باسی ئەم شیعرانەیان کردووە، لە خۆیانەوە لێی دواون، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشم حەزم کردووە تەواویان بکەم، نەک ھەر لەبەر ئەوەی ناڕاستیی قسە و بۆچوونەکانی ئەوانە بە خوێندەواران بسەلمێنم، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە بەڵێنیشم دابوو ھەر چۆنێک بێت ئەم شیعرانە تەواو بکەم.

    ئەوسا کاکەی فەلاح لە ساڵی ١٩٧٧دا وتارەکەی دابوو، وەکوو وتم من لەم ناوە نەبووم و نەشم ئەزانی کە تەواو نەکردنی ئەو شیعرانە و بێدەنگیی ئەم چەند ساڵەم بە جۆرێکی تایبەتی لێک دراوەتەوە و کراوە بە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە من ھەرگیز ناتوانم شیعر بڵێم. بەڵام کە ھاتمەوە و ئەو قسانەم خوێندەوە، بڕیارم دا کە ئەم شیعرانە تەواو بکەم، با زۆر لەسەری نەڕۆین و بێینە سەر شیعرەکان:

    ١- شیعری «دڵداری کچی تازە» کە لە بنەڕەتا ناوی «دوو چەشن دڵداری»یە. کاکەی فەلاح کە باسی ئەم شیعرە ئەکات، ئەوەی کە ئەڵێت:

    ئەم دڵەی وەک بت پەرستێ ڕوو ئەکاتە چاوەکەت
    نوێژ ئەکا بۆ تیشکی چاو و زوڵفە تێک ئاڵاوەکەت...

    وا ئەزانێت کە شیعرەکە «ھەمان چیرۆکی خۆشەویستی» منە و گوایا «بەچکە دەوڵەمەندێک» خۆشەویستەکەی «لێ زەوت کردووم» کە ئەمانە ھەرسێکیان ڕاست نین و بەڵگەیەکن بۆ ئەوەی مامۆستا ئاگاداری باسەکە نییە و لە خۆیەوە قسە ئەکات. بۆ ئەوەی خوێندەواری خۆشەویست ئاگادار بێت، ئەڵێم لە ساڵی ١٩٥٠دا لە ئەنجامی چەند گفت و گۆ و قسە گۆڕینەوە و لێ دوانێکی دوور و درێژی ئەوسادا، وام بە بیرداھات کە چەند شیعرێکی دڵداری ڕێک بخەم کە لە ناوەڕۆکدا جیاوازی چینایەتی پیشان بدات، بەڵام بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ زەمینەی گشتی شیعرەکە دا بگۆنجێت، نەک بیروڕایەکی ناساز بێت و بە زۆر ئاخنرابێتە ناو شیعرەکەوە. لەم ڕووەوە ھەردوو شیعرم پێ وترا، یەکەمیان شیعری «ست فاتمە» بوو، یەوی تریان «دڵداری کچی تازە» بوو کە لە بنەڕەتدا ناوی «دوو چەشن دڵداری» یە.

    بەڵام شیعری «ست فاتمە» وەک لە پاشدا باسی ئەکەم، یەک- دوو ھۆی تریشی ھەبوو بۆ دانانی، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە : ئەو پەلاماردانی «خاوەن تەلار و عانە» یەی لە شیعری ست فاتمە دا ھەیە لە ڕاستیدا زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پڕۆژیەی کە وتم، نەک بۆ جیاوازی چینایەتی نێوان من و ئەو کچە ی لەوێدا ناو نراوە «ست فاتمە». لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە ئەو جیاوازییە نەبوو، چونکە لە ڕاستیدا ئەو کاتە من بێ ئێش بووم، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەو کچە زۆر ھەژاریش بوایە من ھەروام پیشان ئەدا کە لە چینێکی لە خۆم بەرزترە، چونکە وەک لە پێشدا وتم مەبەستەکە دەرخستنی جیاوازی چینایەتی بوو لە شیعرێکی دڵداریدا.

    بێینەوە سەر باسی «دوو چەشن دڵداری» یەکەی لەمەڕ خۆمان، سەرکەوتنم لە شیعری «ست فاتمە» دا، ھانی دام کە شیعرێکی تر دابنێم سەر و مڕ بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابێت کە وتم، بۆ ئەمەش چیرۆکێکم بە بیردا ھات کە زۆر جار لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕوو ئەدات، ئەوێش ئەوەیە، کورێک کە لە پلەی کۆمەڵایەتیدا ھاوچینی کچێکە یان کەمێک خوارترە لەو، حەز لە کچە ئەکات و بە تەمایە بیھێنێ، بەڵام کچەکە حەز لەو کوڕە دەوڵەمەندە ئەکات کە بە خۆی و کادیلاکەکەیەوە دەور و خولی کچە ئەدات، بەڵام نەک بۆ ئەوەی بیھێنێت، بەڵکوو بۆ ئەوەی وەک پیشەی خۆی لەگەڵیدا ڕابوێرێت و پاشان وەک گوڵی سەرمێزەکەی بەسیس و ژاکاوی فڕێی بدات. بە کورتی چیرۆکەکە بریتیە لەوەی کە باسمان کرد، لەبەر ئەوە خۆم خستە شوێنی کوڕە ھەژارەکە، کە وتمان لە پلەی کۆمەڵایەتیدا ھاوچینی کچەکە، یان کەمێک خوارترە و ئەم قسانەم پێ وتووە کە لەم چاپە تازەیەدا ئەیخوێننەوە و کورتەکەی ئەوەیە بە کچەکە ئەڵێم: ھەرچەندە کە تۆ بە تەمای ئەو کوڕەیت بەڵام ئەو ناتھێنێت و وەک گوڵی سەرمێزەکەی سەیرت ئەکات و ھەر کە لێت تێر و بێزار بوو فڕێت ئەداتە سەرەنوێلکان. قسەکانیش ھەمووی لە دەوری یەک شت ئەسووڕێتەوە کە ئەویش ئەوەیە لە خۆشەویستی دوو چینی جیاواز پیشان بدات، چینێک ئافرەت بە ھۆی ڕابواردن ئەزانێت و چینێک کە بە ھاوڕێی ژیانی ئەزانێت. سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیشم باسێکی ترە ڕووناکبیران ئەکەم بە سەرپشک.

    ٢- «دڵێکی تێک شکاو»: ئەم شیعرە کە لە چاپی یەکەمدا ناوی «نائۆمێدی»یە و بەم بەیتە دەست پێ ئەکات:

    بەسەر سامی لەسەر لووتکەی بڵندی گەنجی وەستاوم

    شریتی عومری ڕابواردوو وەکوو خەو دێتە بەرچاوم...

    ساڵی ١٩٤٦ دانراوە و لێرەدا بە تەواوکراوی پێشکەشی خوێندەوارانی ئەکەم کە لە نیسانی ١٩٨٣ دا تەواوم کردووە، واتە دوای نزیکەی ٣٧ ساڵ.

    ئەم شیعرە بەسەرھاتێکی دڵدارییە و ھیچیتر. تەنانەت لە کاتی خۆیدا بوو بە ھۆی مقۆمقۆ و قسە لێ کردنی برادەرانی ئەوسا، لەو ڕووەوە کە کەسێک خاوەنی بیروڕایەکی پێشکەوتنخواز بێت، نابێ شیعرئ گریاناوی و پڕ لە نائۆمێدی بڵێت و ھاوڕێی بەڕێزم کاک عومەر عارف و گەلێکیتر لە برادەرانی ئەو دەورە، ئاگاداری ئەمەن. بۆیە ھەرکەسێک بیەوێت لەم شیعرە بە ئارەزووی خۆی ئەنجام دەربھێنێت و یان بیکات بە بەڵگەیەک بۆ مەبەستێکی سیاسی، تەنیا ناشارەزایی خۆی بەرامبەر بەم شیعرە ئەسەلمێنێت و ھیچیتر.

    ئێستا کە شیعرەکە لە حەوت بەیتەوە بووە بە ٣٣ بەیت، پێشکەشی ڕووناکبیرانی خۆشەویستی کوردی ئەکەم و ھیوام وایە ھەمان چێژ و تامی حەوت بەیتەکەی پێشووی لێ وەرگرن، ھەر وەک پێشکەشی ئەوانەشی ئەکەم کە بڕوایان وابوو من جارێکی تر ناتوانم ئەم شیعرە تەواو بکەم.

    ٣- شیعری «تەپڵی بە تاڵ»:

    کاکەی فەلاح شیعری «تەپڵی بە تاڵ» بەم جۆرە پێشکەش ئەکات و ئەڵێت: بۆ ئەوەی باشتر لە حاڵەتە بیری و دەروونی یەکەی شاعیر بگەین، حەز ئەکەم گوێیەک لە تەپڵی بەتاڵ بگرین... بەم جۆرە کاکەی فەلاح شیعرەکە پێشکەش ئەکات کە لە چاپی یەکەمدا ھەمووی ١٠ نیوەبەیتە:

    وەم زانی کە نامووس و حەیا نرخی کوڕانە

    ڕاستگۆیی و وڵات پەروەری ئەنجامی ژیانە...

    لە پاشدا کاکەی فەلاح کە ئەمە ئەنووسێت، ئەڵێت: کەواتە بە پێودانی بڕوای ئەم شیعرە، نامووس و حەیا و ڕاستگۆیی و وڵات پەروەری سووکن، ناوێکی زلن وەک تەپڵی بەتاڵ، بە دەنگ گەورە و بە ناو بۆشن.

    لێرەدا ھەر ئەوەندە ئەڵێم کە تەنانەت ئەگەر شیعرەکەشم بەو جۆرەی ئێستا تەواو نەکردایە و ئاوەڕۆگەی شیعرەکە ھەر لەسەر تەوس و توانج بڕۆشتایە، لام وایە لە تیر و توانجەکانی سەدان شاعیریتر تیژتر نەبوو، کە لەم بارەیەوە وتوویانە. بە ھەرحاڵ ئەگەر کاکەی فەلاح ھەر بەوەوە بوەستایە، ئەمانوت شیعرەکە بە ئارەزووی خۆی لێک ئەداتەوە و یا ھەر ئەوەندەی تێگەییشتووە، بەڵام کاکەی فەلاح بەوەوە نەوەستاوە، ئەوەتا دوای یەک- دوو دێڕەکەی پێشوو ئەڵێت: «ئەمە ھەڵچوونێکی دەروونی و وێنەیەکی تووڕەی باوەڕپێکراوی سەردەمێکی ژیانی ئەم شاعیرەمانە، کە ئەم فرمانە بەربڵاو و دەمبڕانە ی تێدا دەرکردووە، کە ڕاست و ڕاست، ... وێنەی تێک شکانی سیاسی و بڕوانەمانی بە بنچینە و بنەڕەتییە بیری و فەلسەفەیەکانی جارانییە و تەواو پێچەوانەی قۆناخی پێشوویەتی...» لێرەدا من وەڵامی ئەم لە سنووردەرچوونەی مامۆستا نادەمەوە، بەڵکوو شیعرەکە خۆی ئەکەم بە بەڵگەیەک بۆ بەرەلایی و درشتی و ورد نەبوونەوەی قسەکانی خۆی. ئەم شیعرە کە ساڵی ١٩٥١ بۆ یەکەم جار دانراوە و لە حوزەیرانی ١٩٨٣ دا تەواو کراوە، بریتییە لە بەسەرھاتی کابرایەکی ڕووخاو کە بە تووڕەیی و توند و تیژی و لێوکرۆژتنەوە ملی ڕێگەی گرتووە و ئەم قسانە ئەکات لەبەر خۆیەوە، تا ئەگاتە بەر تەلارێک کە ئەچێتەوە ژوورەوە و قەواڵەی ڕووخاندنی خۆی مۆر ئەکات. جا تەلارەکە کوێیە یان چییە؟ بەجێ ئەھێڵم بۆ خەیاڵ و ئەندێشەی خوێندەواری خۆشەویست. لە پاشدا پلە بە پلە بەرزی ئەکەنەوە و ئەگاتە پایەیەکی بەرز و ئەوسا ھەلپەرستانی وەک خۆی لێ کۆ ئەبنەوە... بەڵام ئەم کابرا ڕووخاوە وەک ھەموو کەسێک ھاوڕێیەکی نزیکی ھەیە کە ساڵەھای ساڵ پێکەوە ڕاز و نیازیان گۆڕیوەتەوە و شان بە شانی یەک تێکۆشاون، ئەم لەگەڵ ئەوەدا کە ڕووخاوە، ھاوڕێکەی ھەمیشە لە بیرە و جار و بار لە کاتێکدا کە خەم و خەفەتی لێ ئەورووژێت، نامەی ھاوڕێکەی ئەخوێنێتەوە کەوا دیارە وەڵامی نامەیەکی خۆیەتی. ھاوڕێکەی لە نامەکەدا ئەڵێت :" تۆ پاکانە بۆ کورسی پەرستیی خۆت ئەکەیت و ئەتەوێ وام تێبگەیەنێت کە گوایە بۆ خزمەتی گەل لە دوژمنان نزیک بوویتەوە بەڵام ئەوە بزانە تەنانەت خزمەتێکی بچووکیشت پێ ناکرێت، بەو مەرجەی لەگەڵ سوودی سەری گەورەدا نەگونجێت، خۆ ئەگەر ئەو سەری گەورەیە بیەوێ پیلانێک بکێشێت نەک ھەر ناتوانی بەرھەڵستی بکەیت، بەڵکوو ھەر خۆت ئەکات بە مەقاشێک بۆ ئەو پیلانە، ئەوسا تێئەگەیت ئەو گەورەییە ی تۆ باسی ئەکەیت تەپڵی بەتاڵە. واتە بە کورتی مەبەست لە تەپڵی بەتاڵ کابرایەکی ڕووخاوە، جا ئەمە کێ ئەگرێتەوە و لە کێوە نزیکترە؟ خوێندەواران ئەیزانن!

    دوای ئەوەی باسی تەواو کردنی ئەو سێ شیعرەمان کرد، پێویستە ھەندێک لە شیعرەکانیتر بدوێین و ئەو تەم و مژە بڕەوێنینەوە کە بە خۆڕایی دەوری گرتوون، لەوانەی کە قسەیان لەسەرە:

    ١- شیعری «ست فاتمە» وەک لە پێشەوە وتمان، ناوەڕۆکی ئەم شێعرە ھەرچەندە کە باسی چینایەتی و جیاوازی چینایەتی تێدایە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرۆژەیەی کە لە پێشدا باسم کرد، نەک بۆ جیاوازی پلەی کۆمەڵایەتی نێوان من و ئەو کچەی شیعرەکەی بۆ دانراوە. ئەمێنێتە سەر ھۆی شیعرەکە، ئەوەی ڕاستی بێت ھۆی یەکەم ئەوەیە کە لەو کاتەدا، واتە لە ساڵی ١٩٥٠دا کچێک سەرنجی ڕاکێشابووم و بە پێچەوانەی ئەوە کە لە شیعرەکەدا دەرئەکەوێت، ئەو کچەش ھەمان ھەستی بەرامبەر من ھەبوو بەڵام ھەستی ھەردووکمان دووران دوور بوو، ھەروەھا من ئەوساکە، ئەو ھەرزەکارەی جاران نەمابووم، کە بە چاو پێ کەوتنێک زمانم ببەسترێ وەکوو لە شیعرەکەدا پیشان دراوە. ھەروەک ھەڵی ئەوەم نەداوە، ئەو خۆشەویستییە لەو قۆناخە تێپەڕ بکات بۆ قۆناخێکیتر. ھۆی دووەمی ئەوەیە: لە ھەمان ساڵدا، ھاوڕێی بەڕێزم «کاک عیززەت نەجیب» کە لەو کاتەدا لە کۆلیجی «حقوق» بوو، شیعرێکی بۆ ھێنام کە یەکێک لە شاعیرانی ئەو کۆلیجە، بەسەر کچە قوتابییەکانی ئەوسای ئەو کۆلیجەدا ھەڵیدابوو، شیعرەکە زۆر جوان بوو و یەک بە یەک ناوی کچەکانی ھێنابوو، جگە لەوەی کە جوانی تایبەتی ھەر یەکێکیانی وەک چەپکە گوڵێکی ڕازاوە پیشان دابوو- وەک خۆم بە بیرمدا ھات و یان کاک ئەکرەم پێشنیاری کرد- ویستم شیعرێکی لەو بابەتە دابنێم، بەڵام ئەوسا، واتە ساڵی ١٩٥٠ زۆربەی ئافرەتانی لای ئێمە پەچەیان ئەگرتەوە و ھیچ دەستەیەکی وا لە ئارادا نەبوو شیعریان پێدا ھەڵبدرێت، بێجگە لەوانەی مامۆستای قوتابخانە بوون، لەبەر ئەوە لە پێشدا ویستم ناوی چەند مامۆستایەک لەوانە کە پێیان ئەڵێن «ست»، بینم و ھەر یەک بە پێی ئەو جوانییەی تێدایە پێیدا ھەڵبدەم، بۆ ئەم مەبەستەش چەند بەیتێکم دانا کە پێوێست ناکات، لێرەدا باسیان بکەم، لە پاشدا ھاتمە سەر ئەوەی کە ھەمووی بەسەر ئەو کچەدا ھەڵبدەم کە لە پێشدا باسم کردووە و ناوی «ست فاتمە»م لێ نا.

    بە کورتی ھۆی دانانی شیعری «ست فاتمە» ئەوانە بوون کە باسم کردن، و پێش ھەموویان پەلاماردانی چینی دەسەڵاتدار بوو لە شیعرێکی دڵداریدا، و بۆ ئەوەی بەسەرھاتەکە کاریگەرتر بێت، ھاتووم خۆم وەک ھەرزەکارێک پیشان داوە کە لە ئاستی خۆشەویستەکەیدا زمانی گۆ ناکات! ھەروەک خۆشەویستەکەم وا پیشان داوە کە گوێ لە ڕازی من ناگرێت، لە کاتێکدا نە من ھەرزەکارە بووم و نە ئەویش بەو جۆرە بووە کە باسم کردووە و نە خولیای ژن ھێنانیشم لەسەردا بووە تا «کۆشک و تەلار» لێکمان دوور بخاتەوە، یان ببێ بە دڕکی مەم و زینی نێوانمان.

    لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە: «ئایا شاعیرێک ئەبێ وەک «فۆتۆگرافێک» وێنەی دەوروپشتی خۆی بگرێت؟ یان بۆی ھەیە سەربەست بێت لە ھەڵبژاردنی وێنە و تێکەڵکردنی ئەو ڕەنگ و سیفاتانەدا» درێژی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام ئەوەندە ئەڵێم ئەگەروێنەگرتنی فۆتۆگرافی بکەین بە مەبەستی سەرەکی شیعر و ئەدەب، ئەبێت ھەزارەھا چیرۆک و شیعری بەرزی جیھان، ھەرلە یۆنان و ڕۆمانەوە تا ئیمڕۆ بخەینە پشت گوێ.

    با بێینەوە سەرباسی شیعرەکەی «ست فاتمە»، کاتێک شیعرەکە بڵاو بووەوە، بوو بە مایەی قسە و قسە و قسەڵۆکی ھەندێک لەوانەی کە خۆیان بە باسی لاوەکی شیعرەکەوە سەرقاڵ ئەکرد وەک ئەوەی: ئەبێ «ست فاتمە» بکەن بە بنێشتە خۆشەی ژێر دانیان، لەمەش ناخۆشتر ئەوە بوو کە زۆربەی ئەو قسە و بەند و باوانەیان، ئاراستەی یەکێکی دیاریکراو ئەکرد جا لەبەر ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو قسانە دابنێم و سەرنجی خەڵکی لەوانە دوور بخەمەوە کە ناویان ئەھێنان، ناچار بووم لە ١٩٥٧دا کە بۆ یە کەمجار شیعرەکانیان چاپ کرد، ڕوونکردنەوە یەک لەسەر شیعرەکە بنووسم، چونکە ئەمزانی ئەو جۆرە قسانە بە ھۆی چاپکردنی شیعرەکە وە دیسان سەر ھەڵئەدەنەوە، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوە یەم نووسی: ئەمەوێت خوێندەواری خۆشەویست ئەوە بزانێت کە ناوی فاتمە وەنەبێت ناوێکی ڕاستەقینە بێت، بەڵکوو وەک لە گەلێ چیرۆکدا ناوی خواستەمەنی بۆ قارەمانی چیرۆکەکە دائەنرێت، ئەمیش شتێکەوا... واتە نەم وتووە «ئەو کەسەی ئەم شیعرەی بۆ دانراوە شتێکی ڕاست نییە، بەڵکوو وتوومە: ناوی فاتمە وەنەبێ ناوێکی ڕاستەقینە بێت».

    کە دیارە جیاوازیەکی زۆر ھەیە لە نێوان ئەم دوو قسەیەدا، لە پاشدا ئەم مانایەم بە جۆرێکیتر دووبارە کردووەتەوە و وتوومە: «وەکوو لە گەلێ چیرۆکدا، ناوی خواستەمەنی بۆ قارەمانەکانی چیرۆکەکە دائەنرێت، ئەمیش شتێکەوا»، واتە ناوەکە ناوێکی خواستەمەنییە نەک قارەمانەکە. وابزانم پێویست نەکات لەوە زیاتر لەسەری بڕۆم، چونکە ڕوونکردنەوەکە زۆر ئاشکرا و ڕووناکە بە پێچەوانەوە تێ گەییشتووە. وەک ئەو وتارەی نووسەری لاو کاک «ژەمال محەمەد» لە «ڕۆژی کوردستان» دا دەربارەی «ڕازی تەنیایی» نووسیویەتی و ئەڵێت:

    «ئەو وێنەیەی کە ھەردی بۆی نەخشاندووین، وامان لێ ئەکات کە بڵێین ھەردی دڵدارێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی بووە، کەچی ھەردی خۆی ڕەفزی ئەم واقیعە ئەکات، بە تایبەتی لە شیعری «چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە» دا ئەڵێت: «ئەمەوێ خوێندەوار ئەمە بزانێت کە ناوی فاتمە وەنەبێت ناوێکی ڕاستەقینە بێت...!» لە پاشدا «کاک جەمال» بەوشەوە ڕاناوەستێت و ئەڵێت: کەواتە بەم پێوانەیە بێت مامۆستا ھەردی نە دڵدار بووە و نە دڵداریشی کردووە. من لێرەدا مشت و مڕ لەسەر دڵداری ناکەم، بەڵام ئەو سەرەتایەی ئەو کردوویەتی بە پاڵشت بۆ قسەکانی، ئەو ئەنجامە ناگەیێنێ کە ئەو پێی گەیشتووە، جگە لەمانەش کاک جەمال گەلێک قسەی تریشی کردووە کە لێرەدا شوێنی وەڵامدانەوەی نییە.

    ٢- شیعری «ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت»، کەوا دەست پێ ئەکات:

    بە دەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە...

    ئەم شیعرە ھەرچەند سێ بەیتە و ئەو ھەموو قاو و قسە دواخستنە ھەڵناگرێت کە ھەندێک دوایان خستووە، بەڵام ئەو قسانە ناچارم ئەکەن کەمێک باسی بکەم، بۆ نموونە کاکەی فەلاح ئەم شیعرە ئەکات بە نموونەیەک بۆ «مرۆڤێکی تووڕە و ڕق خۆ ھەڵساو» لە کتێبەکەیدا، بەڵام لەو شریتەدا کە لە کاتی وتارەکەیدا تۆمار کراوە، ئەڵێت:

    «وەک مرۆڤێکی تووڕە و شاعیرێکی پەشیمان و ڕق لەخۆھەڵساو»؛ ئاشکرایە کە مەبەستی لە «شاعیرێکی پەشیمان» ئەوەیە کە گوایە من لە شتێک یان کارێک پەشیمان بوومەتەوە بۆیە ئەم شیعرە م وتووە. وەلەبەر ئەوەی ھەندێ کەسی ساویلکەش وا تێ گەییشتوون، بە پێویستی ئەزانم ئەوەی ھەندێک باسی ھۆی دانانی بکەم. ئەم شیعرە سەرەتای چیرۆکێکە ھەروەک «تەپڵی بەتاڵ» و ئەو سێ بەیتەی پێشەوەی، قسەی قارەمانی چیرۆکەکەیە، کە ئەیکات و لە پاش ئەوە خۆی ئەکوژێت و کە خەڵکی ئەچن بە دەنگیەوە ئەبینن لە کاغەزێکدا ئۆباڵی کوشتنی خۆی خستووەتە مل خۆی، بەڵام ھۆی خۆکوشتنەکەی نەنووسیوە، لەدواییدا پاش چەند ساڵێک ئافرەتێک کە ژنی کابرا بووە یان ھاوڕێیەکی نزیکی، لەسەرەمەرگدا ئەو بەسەرھاتە ئەگێڕێتەوە و ھۆی کوشتنی مێردەکەی یان ھاوڕێکەی دەرئەخات، کە پێویست ناکات لێرەدا باسی بکەم، بە کورتی ئەم شیعرە بریتییە لەوەی کە باسم کرد، کە لە پاش خۆکوشتنی «حەمەی کەریم»ی جوانەمەرگ بە بیرمدا ھاتووە، ھەرچەندە بەسەرھاتی قارەمانی ئەم شیعرە زۆر دوورە لە بەسەرھاتی «حەمە»ی جوانەمەرگەوە و زۆرتری لە خۆ کوشتنێکەوە نزیکە لە سەرەتای منداڵیما بیستبووم، لێرەدا بەوەندە ئەیبڕمەوە.

    لەوانەیە بووترێت : ئەگەر وەکوو کاکەی فەلاح ئەڵێت نەگەیشتویتە ئەو پەڕی بێھیوایی و دەست لە خۆکوشتن، بۆ کابرایەک ئەکەیت بە قارەمان کە خۆی ئەکوژێت؟!

    لە وەڵامی ئەمەدا ئەڵێم، شاعیری زۆر لە من گەورەتری وەک «گۆتە»ی ئەڵمانی لە «ئێش و ئازارەکانی ڤۆرتێر»دا قارەمانی چیرۆکەکەی خۆی ئەکوژێت و ئاشکرایە کە ئەو چیرۆکەش بەسەرھاتی یەکەم دڵداری خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا کەس ئەو گلەییەی لێ نەکردووە و ئەو ڕووداوی خۆکوشتنە ھیچی لە پایەی ئەو کەم نەکردووەتەوە.

    پاش ئەمانە، لام وابێ کاتی ئەوە ھاتووە بپرسم: من بۆچی وازم لە شیعر وتن ھێناوە؟! پێش ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە وای بە چاک ئەزانم چاوێک بە شیعرەکانی لەمەوپێشی خۆما بگێڕم، تا لەبەر ڕووناکی ئەو پشکنینەدا شتێکم دەست بکەوێت و بیکەم بە جەمسەری باسەکە. بێگومان ئەگەر ڕۆشنبیرێک بۆ ڕاستی بگەڕێت لە شیعرەکانی ڕازی تەنیاییدا، دوو دیاردەی زەق بەدی ئەکات، یەکەمیان ئەوەیە کە ساڵی ١٩٣٩ بەدواوە تا ساڵی ١٩٤٤ یش «تانگۆی تاقانە خونچەکەی لێ دەرچێت»، من تاقە شیعرێکم نەوتووە کە ناوی شیعری لێ بنرێت! کە ئەمەش دیاردەیەکی سەرنج ڕاکێشە و ئەگەڕێتەوە بۆ جۆری موتاڵاکردنی ئەو سەردەمەم، کە بریتی بوو لە خوێندنەوەی کتێبی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەب و زمان و لەمانە گرنگتر ئەوەیە: لەو سەردەمەدا، بۆ یەکەمجار، ئاشنایەتیم لەگەڵ سەرەتایەکی «فەلسەفە» دا پەیدا کرد. دیاردەی دووەمیش ئەوەیە: لە ساڵی ١٩٤٤ بە دواوە یان ڕاستتر ئەوەیە بڵێم لە دانانی «شۆڕشی نائۆمێدی»یەوە، توانیومە خۆم لەو قۆناخە ڕزگار بکەم، بەڵام چۆن ڕزگار بوونێک؟ ئەگەرچاوێک بە ڕازی تەنیاییدا بگێڕی، ئەیبینی ساڵی وا ھەیە تەنیا شیعرێک و ساڵی وا ھەیە تاقە شیعرێکیشم دانەناوە، ئەوسا ئەتوانی بڵێیت ھەندێک جار، لە دوو ساڵدا شیعرێکم پێ وتراوە! تەنانەت ئەگەر شیعرە سیاسییەکانیشی بخەیتە سەر، بڕوا ناکەم شتێکی ئەوتۆ لەم دیاردەیە بگۆڕێت! بێگومان ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیەکی ورد ھەیە. ھەرچەندە من نازانم ئەو ڕۆشنبیرەی سەرنج لەم دیاردەیە ئەدات، چۆنی لێک ئەداتەوە، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم، بڕوام وایە: تۆوی ساردبوونەوەی لەوەدوام، ھەر لە ساڵی ١٩٤٤ەوە خەریکی چەکەرە کردن بووە لە دەروونمدا، بۆیە ساڵی جارێک و دووجار نەبێت، شیعرم نەوتووە.

    ھەرچەندە ئەمەی وتم ھێشتا گریمانە (فەرزییەیەکە) بەڵام ئەوەندە زەمینەکەی پتەوە، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شی کردنەوەیەکی تایبەتی ھەیە، ھەرچۆنێک بێت، ئەوەی لەمەوبەر باسم کرد، دەری ئەخات کە من ھەرگیز شیعرم نەکردووە بە پێشەیەکی ھەمیشەیی، بەڵکوو ساڵێ جارێک یان دوو جار، لەبارودۆخێکی تایبەتیدا شیعرم داناوە یان با بڵێین: ڕازی دڵی خۆمم تێدا دەربڕیوە.

    شایانی باسە ئەگەر ئێستا سەیری کتێبخانەکەم بکەیت زۆربەی ئەو کتێبە فەلسەفیانەی تێدا ئەبینی کە لە سەرەتای ھەرزەکاریمدا خەریکی خوێندنەوەیان بووم و کە دوو جار و سێ جار لێم ون بوون و کڕیومنەوە، لە کاتێکدا ئەگەر بگەڕێیت بۆ یەکێک لە دیوانی ئەو شاعیرانەی لەسەرەتای لاویمدا شیعرەکانیان ویردی سەرزمانم بوون و زۆربەیانم کڕیبوو، ئێستا لە کتێبخانەکەمدا نایانبینی، چونکە ھەرجارێک لەناو چووبن، جارێکیتر ھەوڵم نەداوە بیانکڕمەوە! مەبەستم لەم قسانە ئەوە نییە خۆم ھەڵکێشم یان وای پیشان بدەم کە گوایە من ھەر خەریکی خوێندنەوەی فەلسەفەم یان لەوانەم کە خوانەخواستە، لە دەریای فەلسەفەدا مەلە ئەکەن! بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە خوێندنەوەی وتارێکم پێ خۆشترە لە خوێندنەوەی گەلێک دیوان، بە مەرجێک وتارەکە شی کردنەوەیەکی فەلسەفی یان ئەدەبی یان ڕامیاری یان دەروونی تەنانەت یاسایی وای تێدا بێت کە سووچێکی نادیارم، بە شێوەیەکی زانستیانە پیشان بدات. دیارە شیعری ئەو شاعیرانەی لێ دەرچێت کە لە ئەدەبی جیھانی دا لوتکەیان گرتووە، چونکە شیعری ئەو جۆرە شاعیرانەی لەم یاسایە بەدەرن و لەگەڵ شی کردنەوەیەکی سەرکەوتوانەدا لەتای تەرازویەکدا بەلای منەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە تەنانەت خوێندنەوەی شیعری ئەو جۆرە شاعیرانەش، لە لای من کات و ساتی تایبەتی خۆی ھەیە، لە کاتێکدا خوێندنەوەی شی کردنەوەی ئەدەبی یان فەلسەفی، لە ھەموو کات ە ساتێکدا بۆ لای خۆی ڕاپێچم ئەکات!

    بە ھەر حاڵ، پایەی شیعر لە لای من بە سێ قۆناخدا تێپەڕیوە: لە سەرەتای ھەرزەکاری و سەردەمێکی لاویشمدا، پایەی ھەر شیعرێک لەلای من لە ھەموو شتێک بەرزتر بووە و ئەگەر بڵێم دڵی من ئەوسا ھەر جێی شیعری تێدا ئەبووە وە لە ڕاسیم لا نەداوە، کە ئەمە قۆناخی یەکەمە. بەڵام بەھۆی خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەوە تامی شی کردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستییانەم چەشت، وردە- وردە ئەم یارەی دوایی جێی خۆی کردەوە لە دڵ و دەرووندا، تا وای لێ ھاتبوو بە ھاوشانی شیعر، ھەر وەک چۆن ڕۆمانسێتی و ڕیالیزمی سەردەمێک ھاوشانی یەک بوون لە سەردەمێکی ژیانی مندا، کە ئەمەش قۆناخی دووەمە.

    لە پاشتردا و لە مۆتاڵاکردنی ئەو جۆرە کتێبانەدا، کاتێکم زانی شیعرم فەرامۆش کردووە بێ ئەوەی بزانم کە ئەمەش قۆناخی سێیەمە و تا ئیمڕۆ درێژەی کێشاوە.

    لەم قۆناخەدا وەکوو باسم کرد شیعری لووتکەکان و چەند کاتێکی تایبەتی لێ دەرچێ، شی کردنەوەیەکی سەرکەوتووانە یان لێکۆڵینەوەیەکی باش بەلای منەوە ھەزار شیعر ئەھێنێ.

    لەگەڵ ئەوەشدا جار و بار، لە ھەندێ بارودۆخی تایبەتیدا پرشنگی شیعر منی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لەمەدواش ڕەنگە ھەر ڕام بکێشێت کە ئەمە ھیچ لەو یاسایەی پێشوو ناگۆڕێت. ئەمەی کە باسم کرد ئەوە ئەسەلمێنێ کە گەلێ جار وا ڕێک ئەکەوێ چیرۆک نووسێک یان شاعیرێک لە سەرەتای ژیانیدا شیعر بڵێت و پاشتر ڕوو بکاتە بابەتێکیتر، یان چیرۆکنووس بێت و جار و باریش شیعر بڵێت. ئەگەر سەیری ژیانی شاعیر و نووسەرانی جیھان بکەین، ئەم دیاردەیە زۆر بە زەقی ئەبینین لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، کە پێویستی بە درێژکردنەوە نییە، تەنانەت ئەم بابەت گۆڕینە ئەوەندە شتێکی ئاسایی یە ھی وایە دوو سێ دێڕێک لێی ئەدوێت بێ ئەوەی ھیچ کەسێک سەرزەنشتی بکات کە نزیکترینیان وەڵامی میخائیل نوعەیمەیە کە لە چاو پێکەوتنێکدا لێیان پرسیبوو: بۆچی لەسەر شیعر وتن نەڕۆیشتی؟ لە وەڵامدا وتبووی: چونکە خۆ بەستنەوە لە شیعردا، ماندووم ئەکات بەتایبەتی خۆبەستنەوە بە کێش و قافیەوە، دوای ئەوەش کە دیم شیعرجێگەی بیر و ڕاکانی منی تێدا نابێتەوە، بە تایبەتی بیرە فەلسەفیەکانم وازم لێھێنا و ڕووم کردە پەخشان.

    جا منیش ئەگەر بمەوێ وەک میخائیل نوعەیمە بە دوو سێ دێڕ وەڵام بدەمەوە، ئەتوانم لەسەر شێوەی ئەو بڵێـم: کە وازم لە شیعر ھێناوە، نەک ھەر تەنیا لەبەر ئەوەیە کە نەتەوەی کورد پێویستی بە شی کردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستانە زیاترە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی خۆشم شی کردنەوەیەکی لەو بابەتەم لە ھەموو شتێکی دنیا پێ خۆشترە و یان لە لای من ھەمان تامی شیعری جاران ئەدات و لەگەڵ شیعرە نەمرەکانی دنیادا ھاوتایە.

    بەڵام داخەکەم، ئەم ڕاستیەی من وا بە سادەیی دەرم بڕی، کاکەی فەلاح تێ نەگەیشتووە، یان ڕاستتر ئەوەیە نەیویستووە تێ بگات! بەڵکوو ھەوڵی داوە بە بیردۆزەیەکی داتاشراوی ناڕوا لێکی بداتەوە. ھەروا بەسەر پێوە پەنجە بۆ ھەردوو لایەنەکەی ڕائەکێشم کە لەمەو پپێوە پەنجە بۆ ھەردوو لایەنەکەی ڕائەکێشم کە لەمەو پێش وێنەی ھەردووکیانمان پیشان دا. لایەنی یەکەمیان ئەو بەشەیەتی کە بێدەنگی لەمەوپێشی منی پێ لێک ئەداتەوە و لایەنی دووەمیش ئەوەیە کە لەبەر ئەو ڕووناکیەدا بێدەنگی لەمەوداشم بە شتێکی مسۆگەر لە قەڵەم ئەدات! لە بەشی یەکەمدا کاکەی فەلاح بێ باوەڕی و پشت کردنە میللەت و قێزھاتنەوە لە جوانی و دڵداری و گەلێ شت لەم بابەتانە پێویستی بە شی کردنەوەیەکی تایبەتی ھەیە کە ھەڵی ئەگرم بۆ نامیلکەیەکی تایبەتی، بۆ «بێدەنگی لەمەوداشم».

    کاکەی فەلاح – وەک وتم- زۆر بە دڵنیاییەوە دەری ئەخات کە جارێکی تر من ناتوانم شیعرێکی ھاومۆز و ھاوبیر و بەھرەداری وەک ئەوانەی پێشووم بڵێم! ڕەنگە ئەو دڵنیاییەی لەوە ھاتبێ کە خەڵکی لەو ساڵەدا١٩٧٧ منیان بە مردوو لە قەڵەم دابوو!

    بە ھەر حاڵ، من «کاکەی فەلاح» دڵنیا ئەکەم ئێستاش بووکی شیعر جاروبار نەمجووڵێنێ و بە تاقی کردنەوەی تایبەتی خۆم بۆم دەرکەوتووە ھەرجارێک ئارەزوویەکی دەروونی یان ھێزێکی ھاندەر، پاڵی پێوە نابم، توانیومە شیعری وا بڵێم کە جێی پەسەند کردنی خاوەن دڵان بێ و ئەگەر کاکەی فەلاح وابزانێت بێدەنگی من ئەگەرێتەوە بۆ بێ دەسەڵاتیم لە شیعر وتندا، زۆر بە ھەڵەدا چووە و تەواو کردنی ئەو سێ شیعرەی سەردەمی لاویم لەم چاپە تازەیەدا و پاش ٣٣ تا ٣٧ ساڵ بەڵگەیەکی بچووکە بۆ سەلماندنی قسەی من و پووچ بوونەوەی پێش بینییەکەی کاکەی فەلاح.

    پێش ئەوەی دوایی بەم پێشەکیە بھێنم، پێویستە سێ خاڵی گرنگم لە بیر نەچێت، یەکەمیان ئەوەیە: لە چاپی یەکەمدا شیعرەکان بە پێی کاتی دانانیان نەنووسراون، کە ئەمەش ماوەی بە ھەندێ کەس داوە بە ئارەزووی خۆیان ساڵ و کات بۆ شیعرەکان دابنێن، یان ھیچ نەبێ ھەڵەی تێدا بکەن، لەبەر ئەوە بڕیارم دا لەم چاپەدا بە پێی کۆنی تازەییان، بیان نووسمەوە، تاکوو بەو جۆرەش لە چاپ بدرێن و بۆ ئەم مەبەستە ڕەنجێکی زۆرم داوە سۆراخێکی زۆرم کردووە تاکوو ساڵی دانانیان ساغ بکەمەوە و لەم ڕووەوە گەلێ برادەر یارمەتیان داوم، کە ھەر ئەوەندە م لە دەست دێت کە پڕ بە دڵ سوپاسیان بکەم.

    خاڵی دووەمیش ئەوەیە ئەو چوارینانەی بە تایبەتی بۆ سەر کێلی چەند جوانەمەرگێک نووسراون، ھەڵبژاردەیەکم لەم چاپەدا جیا کردووەتەوە و خستوومنەتە دوای ھەموو شیعرەکانی ترەوە.

    ئەمێنێتە سەر خاڵی سێیەم: لە چاپی یەکەمدا، نە ستوونی ڕاست کردنەوەی وشەی چەوت ھەیە و نە پێرست بۆ شیعرەکان دانراوە، جگە لەوەی کە چەند جارێک نیوە بەیتێک لە کاتی چاپ کردندا لە بیر چووە. با ئەوەش بڵێم کە خۆشم لە کاتی نووسینەوەی شیعرەکاندا، دەستکاری ھەندێ وشە یان ڕستەم کردووە، کە لە پەنجەی دەست تێپەڕ نابن، لەبەر ئەوە ناچارم لەم چاپەدا دەستکارییەکیان بکەم، ھەروەھا ئەو دێڕانە بنووسمەوە کە چاپی یەکەم نەیگرتوون، بەڵام دڵنیا بن لەوەی ھەرگیز مافی ئەوە بە خۆم نادەم دەستکاریی گەوھەر و ناوەڕۆکی شیعرەکان بکەم، ئەگەرچی ئێستا ھەندێکیشیانم بە دڵ نییە! بەم بۆنەیەوە ئەبێ بڵێم کە نەمتوانی پێشەکیی چاپی یەکەم لێرەدا دووبارە بکەمەوە کە لە کاتی خۆیدا ھاوڕێی بەڕێز د. مارف خەزنەدار نووسیبووی، چونکە وەڵام دانەوە و ڕاست کردنەوەی ھەندێک بیروڕای چەوت لەم پێشەکیەدا شوینی بۆ دووبارە کردنەوەی پێشەکیەکەی د. مارف نەھێشتەوە، بۆیە داوای لێ بوردن ئەکەم.

    لە کۆتاییدا چاپی دووەمی «ڕازی تەنیایی» پێشکەش خوێندەوارانی خۆشەویست ئەکەم، ھیوام وایە ئەمیشیان وەک چاپی یەکەم بەدڵ بێت.
    ئەحمەد ھەردی
    1984/04/12
      شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
      ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/پێشەکیی چاپی دووەم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
      ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.