شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی شێخ نووری
قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆلی ئەشکی بێ پایانی شەو
ئەی کچی خواوەندی جوانی و ئەی چرای دیوانی شەو
«خۆت بپارێزە لە ئاھی دڵ بریندارانی شەو
نەک خوا ناکەردە گیرا بێ دۆعای ناڵانی شەو»
وێڵم و تاریکە دەورم، فەرشی رێگەم مەینەتە
بێکەسم، تەنیا ئەناڵم، مەرگی خۆمم عەزرەتە
سازی ئاھەنگی شەوانم، سۆزی جەرگی لەت لەتە
«یاوەر و یاری ئەنیسم ئاھ و ئەشکی حەسرەتە
ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو»
وا نەزانی دەستی خەم یادت لە دڵدا دەر ئەکا
ئەشکی خوێنینم دەلیلە بۆ کەسێ باوەڕ نەکا
گیانەکەم بەو تیشکی چاوەی شەڕ لەگەڵ ئەختەر ئەکا
«دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا
ھەر کە ڕابوورێ بە دڵما سوحبەتی جارانی شەو»
ھاودەمێ فەرمووی: لەبەرچی کردەوەت گریانە ھەر
تافی لاوێتیتە، لاوی، قەڵبەزەی سەیرانە ھەر
من وتم سەیران و خۆشی پێشکەشی شادانە ھەر
ئەشکی حەسرەت لازمی جەمعی سیابەختانە ھەر
شەونمی سوبحە دەلیلی قەترەیەک گریانی شەو
ھەوڵی زۆرم دا، لە داوی زوڵفی ئەو بێ مروەتە
دەرچم و دوایی بھێنم بەم عەزاب و مەینەتە
پێی وتم بێ سوودە ھەوڵت، تاکوو ماوی جێگەتە
«نووری لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە
لای سەخی تەبعان مەحاڵە ڕوخسەتی میوانی شەو»
1948
ھەڵەبجە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی شێخ نووری». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.