شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی عەرووزی
پەیامی یار

لە یارەوە:
لە شۆخ و شەنگی پارەوە
لە ڕازی ... پڕ نیھانییا
لە تەک شنەی بەیانییا
پەیام لە یاری جوانەوە
گەیشتە لام

***
بەرامەکەی

گوڵاوی باخی نامەکەی
کە ئاوی زیندەگانییە
شەرابی کامەرانییە
گوڵی ھیوای ژیانەوە
گوڵی ھیوام

***
چ نامەیێ ؟

چ پەنجەیێ، چ خامەیێ ؟
ئەوەندە دڵ ئەکاتەوە؟
خەفەت لە بیر ئەباتەوە،
ئەخاتە ناخی گیانەوە
تەزووی بەتام؟

1958
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/پەیامی یار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.