شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
چاوەڕوانیی بێھوودە
ھەموو ڕۆژێ لەبەر سەیری بتی ئەو بەژن و باڵایە
لە سەر ڕێدا ئەوەستم من، ھەتا کوو ئاوی پێم دایە
بە دوو چاوێ کە شەوقی چاوەڕوانی ئەیترۆکێنێ
بە دوو چاوێ کە سڕڕی قووڵی لاوێتی ئەدرکێنێ
سەرنجی ڕێ ئەدەم، ڕێگا، ھەموو شێوەی ئەوی تیایە
وەکوو دنیا لەناو جوانیی ئەوا توابێتەوە، وایە
شنەی با، باسی جوانیی ئەو بە گوێی مندا ئەچرپێنێ
ھەموو دەرکەوتنی شۆخێ، دڵی من دا ئەخورپێنێ
بەڵام خورپەی تەواوی دڵ لەگەڵ ھەنگاوی ئەودایە
کە سەرتاپا لە ئاوازی بەھەشتی خواوە پەیدایە
بەڵێ، کاتێ کە ئەو دەرکەوت، ئیتر من بێ سەر و شوێنم
بە تیشکی خۆری جوانی ئەو، بە جارێ قوڵپ ئەدا خوێنم
وەکوو چۆن نەونەمامێ، گەردەلوول ئەیبات و ئەیھێنێ
لەشم موچڕکی دڵداری، وەھا ناخی ئەبزوێنێ
ئەگەرچی وەک خەیاڵی من عەبا دەوری لەشی داوە
لە ئەندام و لەش و لاری بڵند و ڕێکی ئاڵاوە
بەڵام کاتێ کە با چمکی عەباکەی لا ئەدا، تاوێ
ئەڕێژێ پووزی نایابی، لە سیحری خوایی، لافاوێ
1951
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/چاوەڕوانیی بێھوودە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.