شاعیر: ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢-٢٠٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
ڕازی تەنیایی
ژیان و ئەرکی ناخۆشی پەپوولەی ئارەزووی کوشتم
شەرابی جامی دڵداری، لە تافی لاوییا ڕشتم
تەمی ڕۆژانی پڕمەینەت، وەھا تاریک و چڵکن بوو
نیگاری خۆشەویستی دڵ، پەری ئاسایی، تیا ون بوو
شەوی تەنیایی، ڕووناکیی چرای ئاواتی، خنکانم
دەسی ناکامی، ئاوازەی دەروونی کەیلی تاسانم
ئەوا ئێستا لەگەڵ زامی
دەروونی پڕ لە ناکامی
ئەپێوم چۆڵی سەرسامی
لە تەنیاییی شەوی ژینا، ئەنێم ھەنگاوی کوێرانە!
نییە دەستێ دەرم بێنێ لەناو ئەم گۆڕە وێرانە
نییە جوانێ، سەری کاسم بنێمە سەر دڵی نەرمی
کە ھیلاکیی لەشم دەرکا خەوی سەر باوەشی گەرمی
ئەگێڕم چاوی بێ تینم بە تاریکیی شەوا، سەرسام
نییە پرشنگی دوو چاوێ، کە ڕووناکی بکا، ڕێگام
بە غەیەری باڵی خەمناکی
شەوی پڕ ترس و سامناکی
نییە یەک تۆزە ڕووناکی
نییە تەنیا پەریزادێ، کە پاڵم پێوە نێ، نازی
کە بەھرەی سیس و ژاکاوم ببووژێنێتەوە، ڕازی
تریقەی ئەو، تەمی ئەم یەئسە ڕاماڵێ لەسەر چاوم
وەکوو لای لایە ژیری کا، دڵی منداڵی گریاوم
بەڵێ گوێ ھەڵئەخەم بێجگە لە خورپەی سست و لێدانی
دڵی پەستم، کە نووزەی دێ بە عاستەم ڕازی پەنھانی
نییە، ھەر دەنگی ھیچ نایێ
لە ھیچ شوێنێ، لە ھیچ لایێ
شەقەی باڵی شنەی بایێ!
1951
سلێمانی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ئەحمەد ھەردی. «ڕازی تەنیایی/ڕازی تەنیایی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.