شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
ئامۆژگاری

لەو کاتەدا شۆخە کچێکی نازدارت
کرد بە بووکی ناو ژوورەکەت
دەخیلت بم، ئاگات لێ بێ
بۆنی پەنجەکانم نەکات، لە گوڵدان و لەسەر تاق و پەنجەرەکەت.
کە پێی وتی:
«بۆنی تۆ گوڵێکی ھەڵوەریو دێتە لووتم»
بڵێ: «گیانە، دڵنیابە، جگە لە تۆ،
گوڵێک نییە لەم جیھانە»
نەکەی ناوی من بھێنی
بەختەوەری لە ژوورەکەت بتۆرێنی!
ئەگەر ھاتوو ژنێکت دی
بەژنی بە خەم داپۆشیوە
چاوانی کز و خەمبار
لێوەکانی وشک ھەڵگەڕاو
بە شێوەیا یادت کردم
دانەچڵەکی
نەڵێی وێنەی ئەم ھەژارە
لە ئەلبۆمی ڕابردووما یادگارە

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/ئامۆژگاری». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.