شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
ئەی عاشقە لووت بەرزەکە

ڕۆیشتیت و
وات ئەزانی
لەدوای تۆ ڕۆژ نابێتەوە
ھەوری تاسەت
لە ئاسمانی شیعرەکانم ناچێتەوە؟
خۆتت بە چی ھاتە بەرچاو؟
تیشکی ھەتاو؟
فێنکاییی ئاو؟
ھیچیان نەبووی
بۆیە زەویی خۆشەویستیم
بەبێ تۆش ھەر پڕ بەھرەیە
دەمی شیعرم پر خەندەیە
ئەی عاشقە لووت بەرزەکە
دڵنیام گەر
جارێکی تر ڕێت بکەوێتە ئەم ناوە
لەبەر گرشەی پێکەنینما خۆت ناگری
لەبەر چاوی حەپەساوی بێبەزەتدا
ئەو ژنەی وا دڵیت ئەکرد بە ژێرسیغار
چرای چاوی ھیواکانی داگیرساوە و
لە دووریی تۆ قەد ناگری.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/ئەی عاشقە لووت بەرزەکە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.