شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
بارانێکی ڕەش

ڕەنگە ئێستا، خۆشەویستیی منت لەلا
وەکوو خەوێک بێتە بەرچاو
وەکوو مۆمێ کە چەند شەوێ
لە ژوورێکی بچکۆلەدا، داتئەگیرساند
بۆ ماوەیەکی کەم خایەن
تابلۆی ژیانی داھاتووت پێ ئەنەخشاند
دیارە ئەوینی من لەلات
وەک جگەرە ھاتە بەرچاو، لەدوای کێشان
سووتووی عومرم، لەژێر پێتا
پێشێڵ کرا...!
یان وەک پەڵە ھەوری بەھار
سوارکارێ بووم
بۆ ماوەیەکی کەم خایەن دام لە بواری ئاسمانت
لە دواییدا لە ئاسۆتا سوور ھەڵگەڕام
بووم بە پەڵە و
بەسەر سیمای خۆشەویستی و عەشقەکەتدا
دیاری کرام!
وا ڕۆیشتی بێ ناونیشان!

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/بارانێکی ڕەش». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.