شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
بزەیەکی تۆراو

تۆ ئەزانی شەوگار لە حەیفی خۆرەتاو، دڵی پڕە
بۆیە مانگ و ئەستێرەکان، ھەتا بەیان
لەناو سەریا دێن و ئەڕۆن...
ھێشتا خەمین و دڵ پڕە؟
بۆ گوڵەباخ سیس ئەبێت و بەدەم باوە ناشنێتەوە؟!
ئاخر بولبول، بۆ ماوەیەکی کەم خایەن لەسەر چڵە
لەو دەمەشدا، کە ھەڵئەفڕێ...
ھیوای دواڕۆژ، بڕیارێکی سارد و سڕە.
کە تۆ ئەڕۆی، شەوگاری من ڕەش و مۆنە
گوڵی ھیوام بێ چرۆیە، بۆنی نایە.
مەلی بیرم شاباڵ قرتاو... لەش خوێناوی
ھیوای دواڕۆژ لە تاریکی و ھەورا ون بوو
کۆرپەی عەشقم بزەی نایە.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/بزەیەکی تۆراو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.