شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
بێزاری
وەیتەلووس قەراڵێکی ڕۆم بوو کاتێ لە مەیدانی شەڕدا لاشەی «ئۆتۆن»ی ڕەقیبی خۆی بینی کە بۆ گەنی کردبوو بۆنی پێوە کرد و وتی: بۆنخۆشترین بۆنی دنیا بۆنی لاشەی گەنیوی ڕەقیبە.

ئەی شەوەزەنگ
وەختە منیش وەک «وەیتەلووس»
لاشەی گەنیوی «ئۆتۆن»یت بۆن بکەم و
بڵێم ئۆخەی.
وەختە شووشەی عومرت بشکێ
ھێندەی نەماوە ببمە گڕ
چڕستانی پڕ لە کینەت بسووتێنم
ببمە لافاو، جەڵغەی دەروونت ڕاماڵم
زۆر لەمێژە
دەروونی من لە عاستی تۆ پڕ لە قینە
ھەناسەی من ئاگرینە
ھێندەی نەماوە، وەک ھەڵۆ
قەلەڕەشکەی نامۆییی تۆ
لە دارستان بتارێنم

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/بێزاری». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.