شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
خەو

چیت گەرەکە
بۆ ڕێم نادەی ئەو پرچە شینانەی دەریا دابھێنم
بۆ چی بوویی بە دایکم و
ناھێڵی ئەم خاکە جوانە ماچ بکەم و
خۆشەویستی بۆ مەلی ماندووی ئەندیشەم
بکەم بە دان و ھێلانە
تا کەی ھەوری دوودڵیی تۆ ئەم ئاسمانە جێ ناھێڵێ
تا کەی... تا کەی دەستی ڕەشت لەنێو سنگی ئاواتمدا
ھەر تۆی نامۆیی ئەچێنێت
دە وازبێنە... دە تۆ خوا ئیتر وازبێنە
با دەس ببەم ئەم تۆزانەی شانی چیا
بتەکێنم
دەس ھەڵبڕم ڕوو بە شنە ڕایوەشێنم
بە لەپی دەست ماچ بنێرم بۆ خۆرەتاو
دە ڵێم گەڕێ با دەم بنێمە دەمی ئاو
تینوویەتی زمانی شکاندووم
ڕێگام بدە ئەم پەنجەرە بکەمەوە
ھەناسە بەم
ئیتر ھەوای ناو ژوورەکەم بۆنی بێکەسیی گرتووە
ئیتر پێنووس و ژوورەکەم لە یەکتر جیا ناکرێنەوە
ڕەش ھەڵگەڕام
دە وازبێنە، دەستت لەسەر بینم لابە

***
دائەچڵەکێم

«ئای لەم خەوە نازانم بۆ جار نە جارێ ئا لەم خەوانە ئەبینم»

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/خەو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.