شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
سەمای مەرگ
بۆ ھەڵەبجە

باوەشم کرد بە باڵای خەمەکاندا و
توند توند بە خۆمەوە نووساندن
یەکە یەکەی ئەو خەمانە باسی تۆیان بۆ ئەکردم.
ئەوەی کە باسی کوێر بوونی چاوی کردی
ئەوەی کە باسی تینوویەتی ئاوی کردی
ئەوەی وتی:
سووتای، سووتای، ڕەش ھەڵگەڕاو
لە مێژوودا وەک تانە، وای
بە نێوچاوی جەلادەوە
بۆ ئەو کەسە خاوەن بیرە
ئاڵای... ئاڵای.
دوایین کاتی ھەڵقرچان و ھەڵلەرزین و سووتان گەیشت
باوەشم توندتر کردەوە خۆشم سووتاند.
خەمەکانم بەسەر کڵۆ خەڵووزی لەشما
سەمای مەرگ و کۆڕی شیوەنیان ئەگێڕا
بڵێسەیان ئەخستە نێو دارستان و
لەو دەمەدا! ئەرێ... ئەرێ لەو دەمەشدا
خێرا... خێرا مژدەی بەیانیان ئەھێنا.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/سەمای مەرگ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.