شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
شیعرەکانم قەیرە کەوتوون نازانم شەو بۆ پیر نابێ

نازانم شەو بۆ پیر نابێ
ئەو بسکانەی ھەتا دێ ھەر درێژ ئەبێ
چەند حەز ئەکەم چەن تاڵ قژی سپی بکات
ھەڵیکەنم زیاد بکات
ئەم خاتوونە باڵابەرزە ڕەشپۆشە بۆ
قەد پیر نابێ؟!
نازانم... نا
دایکم سەری سپی کرد و
ھەرچەن خۆیشم ڕۆژی چەن جار
لە خومی ڕەش ھەڵئەکێشم
لە بەرەوە تاڵ تاڵ قژم سپی ئەکەم
چەن چاوەڕێی بەیانم کردبێ چاکە؟...
چەن جار خەوم بە پەنجەرە و خۆرەتاوەوە بینیبێ؟...
چەن بە خەیاڵ کراسی تیشکم پۆشیبێ؟...
چەن ئەستێرەم دابێ لە لاجانی شیعرم؟...
بەڵام ھەرگیز
نە بەیان ھاتە ماڵەکەم
نە پەنجەرەم کرایەوە
نە خۆرەتاو دەرکەی ئازارێکی لێ دام
باڵام بوو بە چەپکێ تیشک و
شیعرەکانم کز ئەنوێنن
نازانم شەو بۆ پیر نابێ
شیعرەکانم قەیرە کەوتوون
ڕۆژی چەن تاڵ قژە سەریان سپی ئەکەن.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/شیعرەکانم قەیرە کەوتوون نازانم شەو بۆ پیر نابێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.