شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
شێوەت ئەکەم

ئاسمانێ بووی پڕ لە ئەستێرەی ڕوون و گەش
ئێستا لێڵی...، ئێستا مۆنی
خەیاڵی تۆ، بۆ پرچی ئالۆزاوی من شانەیەک بوو
ئێسگەی حەوانەوەی حەز و تاسەکانم
دەستەکانت پڕ لە دیاریی متمانە بوون
کە بیری تۆ، وەکوو جەردە ڕێگای ھەناسەمی ئەگرت
کوڵمەکانم دائەگیرسان
بەڵام، ئێستا، دەستەکانت بۆنی بێگانانی لێ دێ
«بۆن دێ بۆن دێ... بۆنی کێ دێ...؟»
لێم ببوورە کە ناتناسم
نازانم تۆم لە کوێ دیوە
شێوەت باش دێتە بەر چاوم
بەڵام... نیگات،
تینی دەستەکانت کوانێ؟!
قەد وەکوو جاران نەماوی
نا، ببوورە من ناتناسم ...
تۆ کێوێکی بەسەر ڕووباری تاسەما داڕووخاوی.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/شێوەت ئەکەم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.