شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
شەو - بەیان - بروسکە
بۆ ھەڵەبجە
(١)

دیارە ئەمشەو زۆر دڕێژە
چارشێوی ئەم کەنینە تاڵ و سامناکە
بەم زووانە لەسەر شاخ و کانی و درەخت داناکەوێ
چارشێوی ڕەش
شەوانە ھەرچی چارشێوە ڕەش ئەنوێنێ
سوور بێ... یان زەرد، سپی... یان ڕەش
ئەمشەو لە دوا کاتەکانی چاوەڕوانی و
خورپەکانما
بۆ جارێ تر سەرم کێشایە کۆڵان و
چاوم لێ بوو...
دەستێکی ڕەش بە ئەسپایی ئەھاتە پێش...
ھەرچی بەر پەلی کەوتایە، لە سوور... لە ڕەش
بە پەلە دەرکەکەم داوە
لێ مەخابن
نازانم چۆن چۆنی خۆی خستە ژوورەوە
ئێستاش لە ئەیرە ھەر وەکوو کتکە نەفتینە
ھەر خەریکە
خۆی لە دار و بەرد و دیوار و پەنجەرەی نووستوو
ھەڵئەساوێ.
بڵێی بەیانی ژوورەکەم
سپی... یان سوور
زەرد بێ... یان ڕەش؟
بڵێی بەیانی ژوورەکەم چ ڕەنگێ بێ؟!

(٢)

چ شەوێک بوو
دار و دیوار و پەنجەرە و پەردە نووستوو
تەنیا خەمێک خەو لێ زڕاو بە خەبەر بوو
لەنێو پێخەفی ئازارا ئەتلایەوە
دەستی لەنێو قژیان ون بوو
چەن تلی دا و باڵنجەکەی ژێر و ڕوو کرد
خەو ھەر نەبوو
بەیان خۆی کێشا ژوورەکەی
دەستی بە ڕوومەتیا ھێنا
بەئەسپایی برووسکەیەکی ئاشنای
لەسەر باڵنجەکەی دانا

(٣)

«ڕێز و سڵاو...
لە بیرت بێ ئەمشەویش مۆم داگرسێنە
سووچی پەردەکەت لابدە و
لەپشتی پەنجەرەی دانە
ئەمشەو منیش ھەر لەو ساتەی ھەمیشەدا
دێمەوە بەر پەنجەرەکەت
ھەر بەو سۆزە لە حەیرانێ ئەچریکێنم
دار و بەردی کۆڵانیش بە خەبەر دێنم
لە بیرت دێ، پیشتر،... زۆرتر،
بەر لەو کاتەی لە دوا ژوانگەی ھەنگوینی نیگاکانمانا
وەکوو تیری نێو تاریکی
لە پشتەوە بمانپێکن
چۆن چۆنی دەستت ئەھێنا بە سەر قژی خەونەکانما
دەستی تەنیاییت ئەگوشیم
ئەی شاژنی وڵاتی خەم پەژارە
ئەی تەواری سەوداسەری ڕووناکایی
لە بیرت بێ ئەمشەویش مۆم داگرسێنە
کۆرپەی بێ ئارامی تاسەم،
بە چیرۆکی ھەمیشەییت بلاوێنە.»

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/شەو - بەیان - بروسکە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.