شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
شەھید

ڕۆژێ ھەرد، و گوڵ، و درەخت و مەل
لە قوڵپی گریانی ھەتاو
سەریان سووڕ ما
گوڵ چارشێوی دا بە سەریا
ھەموو تێکڕا چوون لەگەڵیا
چوون بۆ لای خۆر...
چاک و چۆنی؟... چی قەوماوە؟
خۆر ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و
دەستی بۆ دۆڵێ ڕاکێشا
لەو دۆڵەدا، لە باوەشی گوڵجاڕێکا
ڕەوە ئەسپێکی سم تەڵا
نۆمایەکیان ھەر بە یاڵی خوێنینەوە
لە سەر سنگی خاک ڕاکێشا
ھەردە و کێو و گوڵ و گیا
ھەموو گریان.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/شەھید». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.