شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
عیشقی پیرۆز

لە چی ترسای؟
لە چی تۆرای؟
بۆچی ڕووی خۆتت وەرگێڕا؟
وات ئەزانی دارستانی بەژنی جوانت ئەسووتێنم؟
کۆشکی بەرزی خۆشەویستت ئەڕووخێنم؟
ڕاستە گیانە، پشکۆ و بڵێسەی ئاگرم
ھەرەسی بەفری تاسەم و
چاوەڕوانی ھاوار و گرم و ھۆڕ ئەکەم.
ڕاستە گیانە، ھاوارێکی زۆر بەرزم و
ملە و زریان و لافاویش چاک ئەناسم!
بەڵام، بەڵام
خۆ تۆی ئازیز، ئێجگار لەوە باڵاتری
دەستی زریانت پێ بگات...
ھەرەس بتکا بە ژێرەوە...
خۆر بتوانێ بتسووتێنێ...
شەپۆڵ یاریت لەگەڵ بکات.
تۆ سروودێکی تازەیت و
لەسەر لێوی ئەم وڵاتە
ڕۆژی بە ھەزاران کەڕەت ئەتخوێننەوە
تۆ ئەو عەشقە پیرۆزەی وا
شەو تا بەیان
بەیان تا شەو
لە باوەشی گوڵجاڕێکا، پرچی جوانی دائەھێنی و
خۆشەویستی، لەناو کوورەی دڵی پاکتا ئەتوێتەوە.
لە چی ترسای
ھەرچی دەماری ناو دڵمە، ھەڵیکێشن
ناتوانن... نا...
خۆشەویستیت
لە بیر و مێشکم دەرکێشن!

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/عیشقی پیرۆز». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.