شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
عەشقی سووتاو

کچێکی جوان خەونەکانی دابوو بەسەر دەفەی شانیا و
ترپەی ھەنگاوی بێھێزی لە کۆڵانی بێدەنگییا
ئاوازێ بوو
خەونی شاری تێکەڵاوی گڕ و خولیا و تاسە ئەکرد.
ھەر ئەو کچە
ئەلبۆمێکی پڕاوپڕی بیرەوەریی لەگەڵ خۆیا
شەقام شەقام ئەگەڕان و نیشانی خەڵک و خوای ئەدا
چەپکە ڕەیحانەی چەند نامەی فرمێسکاوی
بە دەستیەوە... سەرتاپا ڕەش
لەبەر دەرکەی ھەموو ماڵێ ڕائەوەستا
توند توند لە دەرگاکەی ئەدا...
نامەیەکی ئەھاوێشتە ئەو دیو درگا...
بۆ بەیانی
ھەموو خەڵکی نێو شارەکە ڕەشیان پۆشی
وەکوو بیستم
کەس ئەو کچەی نەناسیبوو
بەڵام ئازار و ھەناسەی
دوو بەیانی و سێ بەیانی و بگرە زیاتر
لەنێو شاردا ھەر مایەوە

***
ساڵ تێپەڕی... سێ، چوار، پەنج، شەش

شار بە دەگمەن ئازارەکەی بە بیردا دێ
کچەکەمان ئێستا دایکێکی ڕەشپۆشە
ھەرچی شەوە بە یەک چیرۆک، ھەر یەک چیرۆک
منداڵەکەی ئەکاتە خەو
بەڵام ھەرگیز ماندوو نابێت
چیرۆکەکەی قەد کۆن نابێت

***
ھەبوو نەبوو

لە وەرزێکی قات و قڕی سۆز و عەشقدا
کڵپەی گڕێکی پڕ لە سۆز
پرچی تاسە و ئاواتێکی کرد بە دەستمالی سەرچۆپی.
دەوریان گرت و
پێشێلیان کرد
خەڵووزەکان پڕ بە دەمیان ھاواریان کرد
خۆشەویستی... خۆشەویستی.
ھەر ئەو شەوە تاسە ھات و چەپکە ڕێحانەی عەشقەکەی
بە نێو شاردا بەخشییەوە.

***
دوای شەش ساڵان

ھەواڵێک ھات:
«کڵپە دیسان داگیرساوە»
دڵی تاسەش داچڵەکا
«بڵێی ئێستا خۆشەویستیی منی ماندووی لە بیرمابێ؟»

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/عەشقی سووتاو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.