شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
عەشقی نەفرینی

ئەو ئێوارە
لەسەر ھەورە چڵکنەکان
پەیمانمان بەست
بۆیە شەویا تا بەیانی
قوڕ ئەباری و
چی وەنەوشەت بۆ ھێنابووم
بوون بە ژێر لافاوی جەڵغە و تاریکییەوە
باش دڵنیام
ئەو ئێوارەی
ئەو دوو دەنکە ترێت پێ دام
دزیەتی بوو.
بۆیە شەویا
ھەتا بەیان ھەر ژەھری سەوزم ھێناوە
ئەو ئێوارە شار بۆنی تاوانی ئەھات
من شاژنی وڵاتێ داگیرکراو بووم
کەس ڕێزی لێ نەئەگرتم
نەفرەت...
نەفرەت
ھەر نەفرەت و بێزارییان خەڵات کردم
خۆشەویستیت
تاوانێکی زۆر گەورە بوو
دەریایەکی بێ ئارام و
ڕەشەبایەکی بێ بەزە
نازانم چۆن
نازانم بۆ
شانم دادا
خۆم دایە دەست شەپۆلەکان
پرچم کردە دەسماڵی سەرچۆپی
دەستی ئەم ڕەشەبا
لەو ئێوارەوە تا ئێستا
ڕۆژی سەد جار
شەپۆل و با ئەمھێنن... ئەمبەن
شەپۆل ئەمخاتەوە کەنار
ڕەشەبا ھەڵمئەگرێت و
ئەمداتەوە
ڕۆژێ ئەبم بە مرواری
بەڵام ئەوساش
ئەو دوو دەنکە ترێی بۆت دزیبووم
وەکوو تانە
بە سەرمەوە ھەر ئەمێنن
سەردەمانێ
ئەبن بە ئاوێنەی عیبرەت بۆ بەڵگەی عەشقی نەفرینی

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/عەشقی نەفرینی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.