شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
لووتکە
بۆ ھەڵەبجە

«دیسانەوە مۆتەی دوژمن بە پێکەنین
چاوی ھیوای گوڵ ئەشۆرێ
دیسانەوە دەستی ڕەشی کیمیاوی خۆی
بە ڕوومەتی شاخدا دێنێ
دیسانەوە، قات و قڕ بوو بزە و کەنین»

***
کامە زامت خۆش کەمەوە

ئەی خوشکە دڵ سووتاوەکەم
بە کام زمان بتدوێنم
ھۆ دایکە جەرگ بڕاوەکەم
پرچی ئاڵۆزی سەرشانت بە کام شانە دابھێنم
خەم و تاسەت، بەکام لاوک و کام ھۆرە بلاوێنم؟!

***
ئەی خوشکەکەم

تۆڵەی ئەوینی سووتاوت
دار و بەردی زەوت کراوت
بە کام کێردی دەم خوێناوی بۆ بسێنم؟
ئەمە یەکەم جاری نییە
کە ئەم گورگە دەم خوێنینە
دەروونی وک ژووری شێدار
شیری سەر ملی ڕووتەڵە و ھەژار
دایکی دێوی نەزانین و ھەڵە و فریو
دێت و تیتل و بیبل ئەخوات
شیری مەمکەی شاخ وشک ئەکات،
بزە و شادی لە دارستان
لە چیمەن و دار و بەرد و ڕووبار ئەدزێت
ھەر وەکوو دز، وەکوو جەردە!
سەر ڕێگا بە بەھار ئەگرێت.

***
ئەی خوشکەکەم

ھۆ ئاوارەی وڵاتە سەر شکاوەکەم


دەیان شەوە شیعرەکانم، وەک مناڵێکی زۆر برسی
مەمکەی وشکی خاک ھەڵئەمژن
دەیان شەوە مۆم و پێنووس و ژوورەکەم مانیان گرتووە
دەیان شەوە، خەو لە چاوم نەکەوتووە
بەڵام... بەڵام
ساتێ نییە خۆم نەبینم بە لووتکەوە
خەمەکانم نەدەم بەدەم برووسکەوە

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/لووتکە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.