شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
مەزاری بێ ناز
پێشکەشە بە ڕۆحی ئەو کیژەی ھیچ کەس بۆ تەنیا جارێ نەچووە سەر مەزاری

ئەی ئاشنا
تۆ نامناسی؟!
منیش وەک تۆ خەڵکی وڵاتی گریانم
خەم و فرمێسکن یارانم
دەستی منیش بر لە تۆیشووی تەنیاییە،
دڵم تەنگە
سەرم شێتی سەودایەکی شەیداییە
ھۆ ئاشنا
دەستی تەنیاییت ئەگوشم
تۆ و شۆڕەبیی حەوشەکەمان
زۆر لەمێژە سەرتان بۆ من داخستووە
بۆ وەی پرچتان دابھێنم
بانگم ئەکەن... ناوم ئەبەن
ئەتانەوێ تەنیاییتان بڵاوێنم
من نازانم
خەمی خۆم و خەمی ئێوە و خەمی دنیا
بە کام ھۆرە؟... بە کام لاوک، بتارێنم؟
ئێستا زانیت؟
من شاعیرێکی ئاوارەم
لەوانەیە دەستم نەڕوا لقێ گوڵت بۆ بھێنم
کێل و بەردی سەر مەزارت بڕازێنم
لەسەر خاکت ھەر بەتەنیا بۆ بێکەسیت
شیوەن بکەم
بەڵام ئەم چەن دێڕەت وەکوو دیاری
بۆ ئەھێنم.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/مەزاری بێ ناز». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.