شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
مەڵێ ئەڕۆم

دەریایەکی تووڕە بووم و
کاتێ کەنار ئامێزی بۆ ئەگرتمەوە
شێت ئاسایی دەستم لە ڕوویەوە ئەنا
خەمێکی قووڵ لەنێو سەرما
پەنگی ئەخواردەوە وەک مار
لەناو دڵما پەپکەی ئەکرد
ھەتا ئەھات
تارماییی خەم بە ڕووی چاوەکانما ئەھات
لەو ڕۆژەوە
سنگت نا بە سنگی شەپۆلەکانەوە
دەستت کرد بە سێبەر بۆیان
باڵات کرد بە قەڵا و لەمپەر
خۆشمویستی
خۆشەویستیت بوو بە ئارام
بوو بە کەنار
مەڵێ ئەڕۆم
ئەم قەڵایە مەڕووخێنە
چرۆی ھیوای شەپۆلەکان مەوەرێنە
مەڵێ ئەڕۆم
دەریا لە خۆت مەتۆرێنە

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/مەڵێ ئەڕۆم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.