شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
پرسیار

سەرپۆشە شڕەکەی دایکم
دەسبەرداری سەرم نابێ و
ئەڵێ: «من ھی داپیرەتەم»
ڕەنگە ئەویش لە داپیرەی خۆیەوە بۆی بە جێ مابێ
سەریشم پەنجەرەی تاقبازی بەرەو ئاسمانە
حەز ئەکا ڕۆژان میوانداریی ھەتاو بکات و
شەوانیش مانگ و ئەستێرە.
چاویلکەیەکی قەترانیش لە دایکم بۆ ماوەتەوە
ئەڵێ: «دنیا ھەر ئەمەیە تۆ ئەیبینی»
لەگەڵ ھەر گرمەی ھەورێکا، قارچکی سەد پرسیاری
دووپات و تازەش
لە چاوانما ھەڵئەتۆقێت

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/پرسیار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.