شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
پەیام

ئەی ئەستێرە کشاوەکەی دنیای ھەستم
لە ئامێزی کام ئاسماندا جریوەت دێ؟
وا لەناو سەد چەپکە پرشنگدا و لەم دوورەوە
پرشنگی تۆ ئەناسمەوە
لەناو یەک ئاسمان ئەستێرە و
دنیایەک تیشک و ڕووناکی و دەنگ و ڕەنگدا
ئەی ئەستێرە کشاوەکە، ئەتناسمەوە.
خۆت لە ڕووبار مەشارەوە
تۆ منداڵی ئەم مەڵبەندەی
ھاژەی چەم و خوڕەی ڕووبار
دەنگی چرپەی سەوڵی دڵدار
ئاشنا و ڕوشنای دەروونی تۆن
خۆت لە ڕووبار مەشارەوە
لەگەڵ یەکەم پەڵە ھەوردا
بەسەر سنگی زەوی خۆتا داکەرەوە
داکەرەوە...

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/پەیام». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.