شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
چاوەڕوانییەکی خۆش

ئەڵێن گوایە ھەموو شەوێ
سەردانی ئەم شارە ئەکات
گوێ بە دەرکەی زامەکانمانەوە ئەنێ
لەسەر پەنجە دانە دانە جێمان دێڵێ
خۆم نەمدیوە
بەڵام ئەڵێن باڵای بەرزە وەکوو تاسە
نێوشان پانە وەکوو خەفەت
چاوانیشی وەکوو ھیوا پڕ بریسکە
سمێڵ ڕەشێکی قەترانی
وەکوو شەوانی تەنیایی و چاوەڕوانی
دەستی بە زەبر و توانایە
زەردەخەنەی لێویشی پڕ لە مانایە
نەشمدیوە و خۆشم ئەوێ
شەوان چرکە لە خۆم ئەبڕم
چاوەکانم بە بسکی خاوی مانگەوە ھەڵئەواسم
بەڵکوو بێت و ئەمجارەیان گوێ بۆ چرپەی ڕازەکانی
من ڕابگرێ
دڵنیام گەر تەنیا جارێ
خاتوونی ئازارەکانی من ببینێ
جێی ناھێڵێ...

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/چاوەڕوانییەکی خۆش». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.