شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
چیرۆکی شەو

کە شەو دادێ
مەلی شیعرم، لارە لارە... بەرەو ھێلانە دێتەوە...
شەوان درەنگ... لەو کاتەدا
شار و لادێ چارشێوی ڕەش بەسەر زامەکاندا ئەدەن
برینەکانم دێنە سوێ
خەو لە پێڵووی چاوەکانم ئەتارێنن
ھەتا شەفەق
لەناو کونجی شەو داگرتووی تەنیاییمدا
میوانێکن، دڵشکاوان ئەلاوێنن...
ھاوڕێی قاچاخ،
نزیکترین ھاوڕازانم،
دەست لە ملی وشەکانم
ڕچەی نامۆیی ئەشکێنن...
کە شەو دادێ...
مناڵانی بێ وڵاتی برسی و تینوو
عاشقانی لێک دابراوی پڕ لە تاسەی ئەم وڵاتە
دێن و ئەبن بە میوانم
لەگەڵ کازیوەی بەیاندا،
سنگیان پڕ لە بۆنی گوڵی بەختیاری
بە قاقای گەرم، دەست لە ملان...
دێن و ئەچنە ناو دیوانم.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/چیرۆکی شەو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.