شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
چەن گلەیی

خۆشەویستیم کتێبێ بوو
پر لە تاسە و خۆزگە و ھیوا
دوا لاپەڕەی خەونەکانم تیا ماچ کرد و
دامە دەستت
بەڵام تۆ وەک خوێندوارێکی بێتاقەت
یەک دوو فەسڵی سەرەتاییت لێ خوێندەوە
ئیتر بەستت
لەسەر ڕفەی یادەکانت
تۆزی خەم و بیرچوونەوەی لێ نیشتووە.

***
خۆشەویستیم

درەختێ بوو، ھەتا ئەھات
خاشەکانی بە خاکی عەشقا ڕۆ ئەچوون
لق و پۆشی سەری لە ئاسمان گیر ئەبوو
لەو کاتەدا
ئامێزی بۆ مەلی ماندووی تاسەکانت ئەگرتەوە
نەیئەزانی تۆ نوێنەری ڕەشەبایەکی بێبەزەی
لەگەڵ خۆتا ھەواڵی خنکانت پێیە

***
تۆ نووسەری زام و خەندەی ئەم سەردەمەی

چاوی ھیوام تێ بڕیبووی
بەڵکوو لە بۆچوونم بگەی
کەچی تۆیش وەک باپیرانمان
لەسەر ڕەش و کاڵی نیگاکەم ڕۆیشتی و
پەردەی خەمەکەشمت نەدی
کە چۆن چۆنی
بۆتە مەزاری سەد تاسە

***
ئای ھاوڕێکەم

ھەتا کەی من بە نوێنەری
ژێر دەستەڵاتی و نامۆیی
بە نوێنەری فرمێسک و ناڵێن ئەزانی
بە بڕوای تۆ
کاتی ئەوە نەھاتووە
چاوەکانم وەکوو پەنجەرەی سەر مێشکێ
پر لە تاسە بزانیت و
پەردەی سەر ڕازەکەی لادەی؟!

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/چەن گلەیی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.