شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
ڕێگا

بەبێ من پێ داناگری
ئەم ڕێگایە پڕ لە ڕازە
بەتەنیایی قەد نایبڕی
دەستم ئەگری و
لە شەقامێکی نوێ ئەمبەی
سەرشێتانە لەگەڵتا دێم
ھەر چۆنێک بێ
خۆ بەبێ تۆ
ئائەم دڵە پڕ لە ڕازە لە سینەدا
ھەڵناگیردرێ
ئەمبەی... ئەمبەی،
بەبێ ئەوەی خۆت بزانی
خۆم بزانم
لە یەکتردا ئەتوێینەوە
وەک بەفر و خۆر
وەک خاک و ئاو
کێ ئەزانێ؟
یەک بەیانی؟... دوو بەیانی؟
ڕەنگە سێ بەیانی دیکە نەبا
وەکوو کانی
لە شوێنێکی تازەتردا ھەڵبەینەوە
ڕازی مەل و باڵەکانی
دار و شنە
سەرما و جیایی
عەشق و گەرما
لە شەقامە نامۆکانی شارەکەمان
وەکوو چرا
بۆ ڕێبوارانی دوای خۆمان
ھەڵکەینەوە
کێ ئەزانێ؟...

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/ڕێگا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.