شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
ژوان
لە میھرەجانی مەولەوی کورد لە سەقز پێشکەش کرا

دەمەو بەیان
کاتێ ھەتاو، دەستی گەرمی خستە سەرشانی شاخەکان
کاتێ گوڵاڵە پێکەنی
کانی بە ناز لە خەو ھەستا
دارەکان بسکیان داھێنا
کچێکی جوان
گۆزەی سووری تاسەکانی، بەرەو کانیی خۆشەویستی
خستە سەرشان

***
ئەگریجەی خاو، قەف قەف لەسەر گۆنا وەستاو

بۆنی سمڵ و مێخەک بڵاو
شەدە و گێلگێلە ھەڵپێچراو...
بە لەنجە و لار، ئێجگار نازدار.
ڕێگای کانی تریفە چن
کچەکەمان غەرقی خولیایەکی بێبن
ڕێگای تاسە و ئەوین ئەبڕێ، ھێدی... ھێمن
لەبەر خۆیەوە نەرم نەرم
بە دەنگێکی ناسک و گەرم ھەڵیدایە:
«ھاوارێکی پڕ لە تاسەم
لە کاروانی خۆشەویستی بە جێ ماوم
پڕ بە ناخم بۆنی سێسنەی ئەوینێکی خاوێن ئەکەم
ئەمە چەند ڕۆژە یارم لێ دوورە
دەشت و کێوانیش نامگرنە خۆیان
گوێم بۆ زرینگەی کاروانی دوورۆ کەوتوو ڕاگرتووە
ھەر ئەڕوات و من بە شوێنیا ھاوار ئەکەم...
دڵدارەکەم...
دڵدارەکەم خەڵکی وڵاتی ڕەشەبا، ھەورەتریشقە و بارانە
دڵدارەکەم سەرعێلی خێڵی گریانە
دڵدارەکەم شنەی بایە، دەنگی شەپۆلی زەریایە
خۆری گەشی بەھارێکە ھەزار چرۆی لە دڵدایە
دڵدارەکەم...
گوڵە، باخە، دارە، ھەردە
دڵدارەکەم، وەکوو شادی بێوەفایە... بێوەفایە

  • ***
    کۆتر فڕی... کانی گریا... گوڵ کراسی تاسەی دڕیا

سروە ھەستا و ئەم ھاوارەی
وەکوو چرپەیەکی شیرین
وەکوو چەپکە بۆنێکی خۆش
وەک وەنەوشە
گەیاندە لای شاعیرێکی سەودا سەری، شەو نەخەوتووی
دڵ بەتاسە
بوو بە ھەوێنی شیعرێکی پڕ ھەناسە
«سوبحەن بۆی گوڵان میاونۆم نەسیم
وێنەی وای ڕەحمەت خەزانەی کەریم
سەحرا و دەشت و دەر بەھەشت منمانۆ
مۆرەی ھەوای وەش وە شەش دەر شانۆ
جە ھەر تەرەفدا موینوون گوڵزار
ڕەنگ ڕەنگ مەدرەوشۆ بە وێنەی دڵدار
لالە گەردەن کەچ تۆی دیدە ڕەشتەن
گۆیا عەکس یار وە ڕووشدا وەشتەن
چەمەن ھام، لیباس سەوز ڕەنگ پۆشان
وەفراو چون ئەسرین دیدەی من جۆشان
جەماد و نەبات گرد شادیشانەن
جەماڵ ڕۆژ عەید ئازادیشانەن
تەمام ڕووی دنیا جە شادی کەیلەن
دڵ نەبۆ پەشێو فیراق لەیلەن
سەھلەن بەھارم دۆزەخ ئاسا بۆ
بەھەشتم بێ دۆس، دۆزەخ نما بۆ
وەر نە دۆزەخدا، یارم دڵبەر بۆ
پەی من ئار نە تۆی گوڵشەن وەشتەر بۆ
دڵ دوو زنجیرەی زوڵف نیگارەن
وە سەیر سەوزە و سەحراش چکارەن»

    • ***
      لەم مووسیقا دڵی کانی و گوڵ داخورپا

کچەکەمان دڵ پڕ وەستا
کە سەیری کرد،
وا دڵدارە، سەودا سەرە و لێو بە بارە.
ڕێگا ئەبڕێ و ئەچریکێنێ
ھاواری کرد:
ئەی ئەو کەسەی لەناو دڵما نیشتەجێیت و
بە پاناییی دەشتی تاسە لە من دووری
دووری لە تۆ
ئائەم کراسە پڕچینەی ڕەنگی خەمی بۆ من دووری
سنگی ڕەشی تاسە و دووری بە کێردی گریان شەق ئەکەم
لەناو لەپی دەستی ھەستا
ئەستێرەکان ئەسەنگێنم
کامیان لە کامیان گەشتر بێ بۆت ئەسێنم
چاوەکانم کانگای خەم و تاسە و دووری
پڕ لە ھاواری ئەوینە
دڵی تەنگم تەنیا دیاری و تۆیشووی ڕێمە بۆت ئەھێنم
ئەوە گیانم
نێونیشانی عەشقەکەتی تیا ببینە
کوندەبەبووی شوومی دووری، ھێلانەیان تیا کردووە
چۆلەکەی ھەزار پرسیاریش بەسەر لێومەوە یەخسیرە
جانتای خەفەت بە دەستمەوە سەفەر ئەکەم
بەرەو وڵاتی خۆرەتاو، ئەوین، تاسە و پێکەنین
بەرەو تۆ دێم، ئەی خوێن شیرین
عاشقی شێت و ئاوارە
دڵی خۆزگەی پڕ پەژارە
لای کردەوە لەم ھاوارە
«ئازیز وەس بووزەم نە گێجاو خەم
وەس چون بینایی پەنھان بۆ نە چەم
وەختێ جە وەسڵیچ ھەر دڵم ڕێش بۆ
مشیۆ وەسڵ و فەسڵ فەرقشان چێش بۆ»
«ئاخ پەی خەڵوەتێ بدیام وە بێ خەم
سیوای تۆ دیدەم کەس نەدیام وە چەم
دڵ پەی دیدەنت کام خەڵوەت سازۆ
تۆی دیدەیچم بی مەردم نمازۆ»

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/ژوان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.