شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
ژین
پێشکەشە بە باوکی خۆشەویستم کە لە کاتی ڕاودا کۆچی دوایی کرد

لە سەرەتای ئاوا بوونتا
ئەی ھەتاوی خۆشەویستی
وەکوو دڵ لەدوا بی وا بوو
ھەموو ڕۆژێ... ھەموو شەوێ
ئەھات تۆزێ ئازارەکانم بسرەوێ
وەنەوزێ بەم
ئەھاتیت و گوڵبارانی باڵای خەمەکانمت
ئەکرد.
سرت ئەخستە سەر تاسەم
باسی ژیانی سەربەستی و
دوایین ژوانگەی سەر شاخت بو ئەکردم
بەڵام کاتێ ڕازی نھێنیی ئەم ژوانەم
لای شاخەکەی «قشڵاخ» درکاند
ھێندە گریا
ھێندەی ئاوات بەو خەوە خواست
دەستی دایە ئێخەی خۆی و
کراسە سپییەکەی بەری، سەرتا بە خواری
دادڕان
لە درزی کراسەکەیەوە
سەیرێکی نێو سنگ و بەرۆکی ڕووتیم کرد
ھەزارەھا چەپکە گوڵی شۆخ و نازدار
لە جێگای تۆ سەریان ھەڵدا
ھەر ئەو ساتە بڕیارم دا
ھەتا ھەتا
یاد و تاسەت لە شیعرمدا
ھەناسە با
بیر لە کۆچت نەکەمەوە
ھەر چەن جارێ لە شیعرێکا
بتژیێمنەوە
تۆیش وەک دڵنیا بووبێتی
لە ھەموو کاتێکما ئەژیت
وردە وردە ژیانی نێو خەوەکانت بە جێ ھێشت و
لەسەر سنگم ھێلانەت کرد
بۆیە سنگم بۆنی مێھر و ھیوای لێ دێ
ھەتاکوو دێ خۆرەتاوی خۆشەویستی
لەسەر لووتکەی بیرم ھەڵدێ

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/ژین». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.