شاعیر: ژیلا حسەینی (١٩٦٤-١٩٩٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
گەشەی ئەوین

لە خۆرەتاوی گەش وایە
دڵی ئاسمان بەتەمایە...
لەبەر ئەوە بەربەیانان
کە پێڵووی چاوی ھەڵدێنێ
بەرەو ئامێزی شەو گرتووی ئاسمان ئەفڕێ،
گەورە ئەبێ و
باڵا ئەکات
بەربەڕۆژەی عاشق بەتاو
چاوی بڕیوەتە ھەتاو
بە چوار دەوریا سەما ئەکات.
کێو سەربەرزی ھەڵۆکانە
بۆیە لەبەر با و بۆراندا چۆک دانادات.
ئەی خۆرەتاو، زەریا، کەژان
لەو کاتەوە دڵم ئەوینی ناسیون
چاوی ھیوای تێ بڕیون
بۆ لاتان دێ و ھاوار ئەکات
چۆک بۆ خەفەت دانادات و
ھەڵۆکانی لە خۆی ناکات.

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ژیلا حسەینی. «گەشەی ئەوین/گەشەی ئەوین». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.