پرۆژەی ڤەژین بوکس

پرۆژەی ڤەژین بوکس ھەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانستییانەی دەقی ئەدەبی و مێژووییی زمانی کوردی. لەگەڵ دەقەکاندا، ھەوڵ دەدەین وێنەی دەستنووس و دەنگیش پێشکەش بکەین. ئەم پرۆژەیە بە شێوەی wiki بەڕێوە دەچێت واتە بەشداربووان بەردەوام خەریکی چاکسازی و دەوڵەمەندکردنەوەی بابەتەکانن.

ئامانجەکان
  • دروست کردنی کۆگایەکی دەق (corpus) بۆ زمانی کوردی کە زانیاریی زیادە (metadata) وەک شێوەزار و ڕێکەوت و نووسەریشی لەگەڵدا بێت.
  • بەھێز کردن و بەرز کردنەوەی پلەی زمانی کوردی لە ناوەرۆکی سەر وێبدا.
  • دابین کردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ ژێدەر پێدان بە سەرچاوە مێژوویییەکانی کوردی.
بەشداربووان

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە یارمەتیی ناوەندی فەرھەنگی و ھونەریی ڤەژین لە شاری مەریواندا ڕێکخراوە.

مافی بڵاوکردنەوە (copyright)

بە داخەوە بۆ زمانی کوردی، مافی بڵاوکردنەوە شتێکی ئاڵۆزە، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:

  • بەرھەمە کوردییە کۆنەکان لە کاتی خۆیاندا بە شێوەیەکی ڕەسمی چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە و لەم دواییەنەدا بە ڕاستکردنەوە و پیاچوونەوەی کەسانێکی دیکە بڵاو بوونەتەوە.
  • ئەلفوبێ و ڕێنووسی کوردی گۆڕانکاریی زۆری بە خۆوە بینیوە. بۆ ئەوەی کە ھەموو بەرھەمەکان بە یەک شێوە کۆ بکرێنەوە پێویستە کەسانێک نوێیان بکەنەوە.
  • لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا گۆڕانکاریی زۆر ڕووی داوە و حکوومەتەکان پێک ھاتوون و لە ناو چوون و ئەمە بووەتە ھۆی گۆڕانکاری لە یاساکاندا و و ئاڵۆزی لە شێوازی پاراستنی مافی بەرھەمھێنەران.

لەبەر ئەم ئاڵۆزییە، پێوەرمان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرھەمێک لەم سایتەدا بەسەرچوونی مافەکانی نییە (بە پێچەوانەی Wikisource و Gutenberg) بەڵکوو ئەوەیە کە لە ئێستادا وەک بەشێکی مێژووی زمانی کوردی، گرنگیی ھەبێت. بڵاو بوونەوەی دەقێک کە لەم سایتەوە، بە مانای پارێزراو بوون یان نەبوونی مافی بەرھەمەکە نییە.

چ دەقێک دەخرێتە ناو ڤەژین بوکس؟

لە ئێستادا، بڕیارمان وایە بەرھەمێک دابنێین کە:

  • بەرھەمھێنەرەکەی فەوتی کردبێت.
  • یەکەم جار پێش ساڵی ٢٠٠٠ چاپ کرابێت.
بۆ چی ئەم پرۆژەیەمان لە Wikisourceدا جێبەجێ نەکرد؟

Wikisource, the free library پرۆژەیەکی ڕێکخراوەی Wikimediaیە (کە ویکیپیدیا و چەند پرۆژەیەکی گەورەی دیکەش بەڕێوە دەبات) کە ھەوڵ دەدات بۆ کۆ کردنەوەی دەقی ئازادی ھەموو زمانەکان.

بەرھەمێک دەخرێتە Wikisource کە ئێستا لە پاوانی گشتی (public domain)دا بێت و scanیش کرابێت. دواتر وشە بە وشە وێنەی لاپەڕەکان بە بەرنامە و بە پیاچوونەوەی دەستی دەکرێتەوە بە دەق. کە واتە ئەسڵی دەقەکە بەبێ دەستکاری دەخرێتە سەر سایتەکە. بەڵام بۆ زمانی کوردی:

  • مافی بڵاوکردنەوەی زۆربەی بەرھەمەکان، بەو ھۆکارانە کە ئاماژەیان پێ کرا، ڕوون نییە.
  • لە scan کردن و کردنەوەی بە دەق کێشەی زۆر ھەیە.
  • لەبەر گۆڕانکاری لە ئەلفوبێ و ڕێنووسی کوردیدا، ئەسڵی دەقەکان دەبێت دەستکاری بکرێن.

لە Wikisourceدا گۆڕانکاری لە سایتەکەدا و دانانی ئەو شتانەی کە بە پێوستی دەزانین زۆر جار ئەستەمە چوونکە مافی بەڕێوەبەرایەتیی وێب و گۆڕینی بەرنامەکەی بە دەستی ڕێکخراوەی Wikimediaوەیە کە زانیارییەکیان سەبارەت بە زمانی کوردی نییە.